کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی ساڵانەی لێبوردنی نێونەتەوەیی/ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران هەروا نالەبارە

19:28 - 7 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی جەختی لە سەر تۆقێنەر بوونی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە جیهان لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی و بەرەو خراپی رۆیشتنی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، بڵاو کراوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بۆ ساڵی ٢٠١٤ی زایینی بڵاو کراویەوە کە بەشێک لە ئەم راپۆرتە ساڵانە بۆ ئێران کە بەردەوام لە سەرەکیترین پێشیلکاران مافی مرۆڤ لە جیهاندا بووە، تەرخان دەکرێت.

لە بەشی پێشەکی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کە بۆ ئێران تەرخان کراوە بەم شێوە ئاماژەی پێکراوە: لە سالی رابردوودا رێژیمی ئێران دەستی دایە قەدەغە کردنی ئازادیی رادەربڕین، قەدەغەی گرتنی کۆڕ و کۆبوونەوە، دەستبەسەر و بەدواداچوونی نایاسایی کەمینەکان، چالاکانی بەرگریی مافی ژنان، رۆژنامەنووسان، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و سەرجەم جیا بیران، ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە ئەشکەنجە و کردەوەی نەشیاو لەگەڵ دەستبەسەر کراوان باو بوو و تاوانبارانی ئەم کردەووە نامرۆییانەش لێکۆڵینەوەیان لێ نەکرا.

لە درێژەدا هاتووە: ژنان و کەمینە مەزهەبییەکان و نەتەوەییەکان لەگەڵ زۆربەی هەڵاواردنەکان بەرەوروو بوونەتەوە و ئەشکەنجەی نامرۆییانە وەک قامچی لێدان، بڕینی ئەندامی لەش و سێدارە بۆ بەشێکی بەرچاوی تاوانباران ئاسایی بوو و تەنانەت کەسانی ژێر تەمەنی یاسایی بە ئێعدام مەحکووم کران.

لە راپۆرتی ساڵانەی لێبوردنی نێودەوڵەتی جەت کراوە کە بە هاتنە سەرکاری حەسەن رۆحانی، هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنیی لە سەر باشتربوونی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران نەبووە و بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و پێشێلکاری سیستماتیک لەلایەن رێژیمی داسەپاو بەردەوام هەبووە و تەنانەت پەرەی سەندووە.

ئازادی رادەربڕین، گرتنی کۆڕوکۆبوونەوە، ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نەشیاو، سەپاندنی سزای نادادپەروەرانە، پێشێلکاریی دژی کەمینەکان، مافی ژنان، مافی پاراستنی چوارچێوەی ژیانی تاکە کەسی، مافی خوێندن و ئیعدام لە ئێران، لەو باسانەن کە لە راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی خراونەتە بەر باس.

ئاویەر.ت