کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلژیک/ بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنفرانسی زمانی دایکی

14:18 - 9 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: جەمیل فەتحی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ مۆنیک سمیتس هاوکاری بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات، لە کۆنفرانسی زمانی دایکی بەشدارییان کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٦ رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، جەمیل فەتحی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بلژیک لەگەل هاوڕێ مۆنیک سمیتس هاوکاری بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات، لە کۆنفرانسی پارلەمانی ئورووپا بە بۆنەی رۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایک بەشدارییان کرد.

کۆنفرانسەکە لە ژێر ناوی زمان، هێز، ناسنامە، داهاتووی کەمینەکان لە ئورووپا بە بەشداریی ٦٠ کەس لە پارلەمانتارانی پارلەمانی ئورووپا، رۆژنامەنووس، بەرپرسی حیزب و رێکخراوەکان بەڕێوە چوو.

بەڕێوەبەرانی پانیلە جاوازەکانی ئەو سێمینارە بە وردی تیشکیان خستووەتە سەر گرینگیی رێز گرتن لە زمانی دایک و داواکاری گرتنە بەری میکانیزمی جێبەجێ کردنی یاسا نێونەتەوەییەکان.

12163.jpg

بەشداران لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە بوونی فرە چەشنیی زمانی لە یەکیەتیی ئورووپا دا دەبێ وەک خاڵێکی زۆر بەهێز چاو لێبکردرێت و وڵاتانی ناو یەکیەتییەکە دەبێ بە چاوی رێز و یەکسانخوازانەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ کەمینە زمانییەکانی ناو یەکیەتیی ئورووپا بکەن.

هەروەها، دەسەڵاتدارانی یەکیەتیی ئورووپا دەبێ بە کردەوە هەوڵ بدەن بۆ بووژانەوە و پەرەپێدانی ئەو کەمینە زمانییانە کە کەمتر بەهایان پێدراوە و خراونەتە پەراوێزەوە و ئەگەری ئسیمیلاسیۆنیان هەیە.

هەروەها، باس لە سەر ئەوە کرا کە بابەتی زمانی زگماکی زۆر جار وەک بابەتێکی سیاسی و بۆ بەرژەوەندی سیاسی چاوی لێدەکردرێت و زۆر لایەن و وڵات کە فرەچەشن زمانییان هەیە هەوڵ دەدەن کە زمانێکی تایبەت بە سەر کەمینە زمانییەکانی دیکەدا بسەپێنن.

هەروەها لە کۆتایی کۆنفڕاسەکەدا تیشک خرایە سەر ئەوە کە چۆن یەکیەتیی ئورووپا ئەتوانێ زیاتر بایەخ بە کەمینە زمانییەکان بدات و هەندێکیان لە سەر ئەو باوەڕەدان بوون کە یەکیەتی ئورووپا وێڕای هەبوونی میکانیزم و پاراستن و پەرەپێدانی زمانەکان، هەوڵی پێویست و شیاوی نەداوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو یاسایانە.

پاشان، رەخنە گیرا لەوەی کە هیچ کوردێک بانگهێشت نەکراوە سەرەڕای ئەوەیکە کوردەکان گەورەترین نەتەوەیەکن کە مافە سەرەتاییەکانیان هەر وەک خوێندن بە زمانی دایکییان پێشێل دەکرێت. هەر چەند کە کۆنفراسەکە لە سەر کەمینە زمانییەکانی ناو یەکیەتیی ئورووپا بوو، بەڵام لە سەر ئەو ئەساسەی کە تورکیە وەک وڵاتێک بۆ چوونە ناو ناو یەکیەتی ئورووپا ناوزەد کراوە؛ یەک لە وتە بێژەکان تورک بووە.

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری کۆنفرانسەکە هیوای خواست کە لە داهاتوویەکی زۆر نزییکدا لە سەر پرسی کەمینە زمانییەکانی شوێنەکانی دیکە و بە تایبەت کێشەی زمانی کوردی کۆنفرانسێکی دیکە رێک بخەن.

کازیوە.ر