کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رەخنەی کەمپەینی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤی ئێران لە توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران

20:24 - 16 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: کەمپیەنی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لە ئێراندا رایگەیاند کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران کەش و هەوایەکی لەباریان بۆ کردەوەی توندوتیژ دژی ژنان لە ئێراندا پێکهێناوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە بەرەبەری ٨ مارس‌دا رۆژی جیهانی ژن کەمپیەنی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لە ئێراندا رایگەیاند کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران کەش و هەوایەکی لەباریان بۆ کردەوەی توندوتیژ دژی ژنان لە ئێراندا پێکهێناوە.

لەو راپۆرتەی کەمپیەندا هاتووە کە گەڵاڵەکانی مەجلیس، سیاسەتەکانی حکوومەت و بیانییە گشتییەکانی بەرپرسانی حکوومەتی و ئاخوندە پایەبەرزەکانی سەر بە رێژیمی ئێران رێگا خۆشکەر بووە بۆ توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا.

ئەو راپۆرتە لەژێر ناوی پژاندنی ئەسید لە ئێران و هێرشی دەسەڵات بۆ سەر مافی ژنان بڵاو کراوەتەوە.

پەسندکردنی گەڵاڵەی پشتیوانی لە ئامرانی بە مەعڕووف و ناهیانی ئەز موونکەر (آمران به معروف و ناهیان از منکر) لە مجلیسی رێژیمی ئێراندا و وتەکانی هەندێک لە ئاخوندەکانی رێژیم سەبارەت بەو شتەی کە ناوی بێ حیجابییان لێ ناوە گرووپەکانی وەکوو ئەنساری حیزبووڵڵا لە شارەکانی ئێراندا دەستیان دایە پژاندنی ئەسید دژی ژنان.

کەمپەینی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە بەشێکی دیکەی ئەو راپۆرتەدا رایگەیاندووە؛ حکوومەتی ئێران لە بوارەکانی خوێندن، کار، تەندروستی ژنان لە بواری دووگیانی و بەشداریی لە بواری گشتیدا چەندین گەڵاڵەی بەڕێوە بردووە کە مافی ژنانی لە کۆمەڵگادا سنووردار کردووەتەوە.

بەرپرسانی رێژیمی ئێران لە ماوەی ١٨ مانگی رابردوودا گەڵاڵەیەکیان دارشتووە کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا تەنیا بۆ خیزانداری دەگەڕێتەوە.

گادەر.د