کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژرا

14:47 - 20 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە ناوچەی سنووری مەریوان، کوژرا.

بەپێی راپۆرتی مالپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٨ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە درێژەی کوشتنی بەرچاوی هاووڵاتیان و کۆڵبەران لە ناوچەی سنووری کوردستان، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی مەریوان کە شوناسی ئەو هاووڵاتییە فەرەیدوون نەسروڵـلاهی خەڵکی گوندی زوێران سەر بە ناوچەی مەریوان راگەیاندراوە، لە ناوچەی سنووری ئاسنەوا کراوەتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئاکامدا گیانی لەدەستداوە.

لەم پەیوەندییەدا، شەوی هەینی رێکەوتی ٨ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوییش، هێزە نیزامییەکانی هەنگی سنووری سپای پاسداران لە ناوچەی سنووری رەبەت سەر بە شاری سەردەشت، کاروانی کۆڵبەرانی کوردیان داوەتە بەر تەقەی راستەوخۆ و بە هۆی کردەوەی هێزەکانی رێژیم، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی سیروان بەرزنجی، تەمەن ٢٥ ساڵە کوڕی لەتیف بە هۆی بەر کەوتنی گولـلە گیانی لە دەست دواە.

کوشتاری بەردەوامی کۆڵبەران لە کاتێکدایە، کە جێگری بەرپرسی سیاسی ــ ئەمنیەتیی پارێزگای کوردستان چەند رۆژ پێش ئیستا رایگەیاندبوو: بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە لە کاتی هاتنە سەرکاری دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدی حەسەن رۆحانییەوە، هەتا ئێتسا یەک کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کوردستاندا نەکوژراون.

ئاژانسی کوردپا لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە قسەکانی جێگری سیاسی ــ ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتی پارێزگای کوردستان رایگەیاندووە کە لە کاتی هاتنە سەر کاری دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدی حەسەن رۆحانی (١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی) هەتا ئێستا، ٣٢ کۆڵبەری کورد، تەنیا لە ناوچەی سنووری پارێزگای کوردستان بە هۆی تەقەی نیزامی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

ئاویەر.ت