کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی عەرەب لەلایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کرا

13:37 - 21 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چالاکانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران، هاووڵاتییەکی عەرەبی خەڵکی شاری خەفاجییەی پارێزگای ئەهواز، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی عەرەب بە ناوی سەعید سویدی تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵکی گوندی حەجیەی سەر بە شاری خەفاجییە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاویەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە عەرەبە و ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتە روو، سەعید سویدی بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

دەگوترێت هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ هەبوونی هیچ جۆرە مۆڵەتێکی یاسایی، ئەم هاووڵاتییە عەرەبەیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووه.

دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی لە کاتێکدایە کە زۆرترین پێشنیاری مافی مرۆڤیی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەوەیە کە کۆتایی بە هەڵاواردنی مەزهەبی بێنێت و رێز بۆ ئازادیی مەزهەب، نەتەوەکان و هەروەها مافی سەرجەم کەمینەکان دابنێت.
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا شەپۆلێكی بەربڵاو لەدەستبەسەر كردنی چالاكانی عەرەب لەئێران دەستی پێكردووە و بەشێكی بەرچاو لە دەستبەسەر كراوەكان سزای زیندانی و تەنانەت ئیعدامیشیان بەسەردا سەپاوە.

هاووڵاتییانی سەربە نەتەوە بندەستەکانی ئێران وەک کورد، عەرەب و بەلووچ بەردەوام لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە سەرکوت کراون و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامییەوە دەستبەسەر و حوکم دەدرێن.

سەرەڕای دەستبەسەر و مەحکووم بوون، ساڵانە بە سەدان هاووڵاتیی کورد و بەلووچ لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەبنە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان و دەکوژرێن و بریندار دەبن.

درێژەی شەپۆلی سەرکوت‌کردن و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بە تایبەت مافی نەتەوە بندەستەکانی ئێران لە حالێکدایە کە لەم خولەی دوایی هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە ئێران، حەسەن رۆحانی بە بەڵێنی باش‌تر کردنی دۆخی مافی مرۆڤ و هەروەها گرینگی‌دان بە نەتەوە بندەستەکانی ئێران کورسیی سەرکۆماری بەدەست هێنا.

بەپێی راپۆرتەکان، زۆربەی کارناسان، چالاکانی مافی مرۆڤ و هەروەها رێکخراوە مافی مرۆڤییە نێونەتەوەیی و ئێرانییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە پاش هاتنەسەرکاری حەسەن رۆحانی، دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران هیچ بەرەو باشتربوون نەچووە و بگرە نالەبارتریش بووە.

کازیوە.ر