کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندی حیزبی دێموكرات لە ڕێورەسمی یادكردنەوەی شەهیدانی بەرگری لە خاک ‌و نیشتمان

14:45 - 25 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بانگهێشتی فەرمی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە یادکردنەوەی شەهیدانی بەرگری لە خاک و نیشتمان کە لە شاری کۆیە بەڕێوەچوو، بەشداری کرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەرۆی یەكشەممە ٢٤ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی مەڵبەندی ١٤ی رێكخستنی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان‌ ــ کۆیە و مەكتەبی رێكخراوە دێموكراتیكەكان، شاندێکی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب لە رێوڕەسمی یادكردنەوەی شەهیدانی بەرگری لە خاك ‌و نیشتمان بەشداری كرد.

رێوڕەسمەكە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب ‌و پاشان داگیرساندنی مۆم دەستی پێكرد.

لەو رێوڕەسمە تایبەتەدا، چەندین پەیام ‌و وتار لە لایەن مەلا بەختیار ‌و رەهبەر سەید برایم‌ و چەند کەسێکی دیکەوە پێشكەش كران.

پاشان خەڵاتی مام جەلال لە لایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكیەتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێشكەش بە بنەماڵەی شەهیدان كرا.

لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا، چەندین پەخشان ‌و فیلمی دیكومینتاری‌ و... پێشكەش كرا.

شاندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پەیامێكی پێشكەش بە رێوڕەسمەكە كرد.

دەقی پەیامەكەی حیزب بەم چەشنەیە:

بەڕێزان/ دەستەی ئامادەكاری كۆڕی یادكردنەوەی شەهیدانی بەرگری لە نەتەوە‌و نیشتمان!
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
بەشدار بووانی هێژا!

بە ناوی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە، گەرمترین سڵاوی ئەمەگناسی‌و پڕ لە هەستی وەفاداری پێشكەش بە گیانی پاكی شەهیدانی كورد‌و كوردستان دەكەین بە تایبەت ئەو شەهیدە نەمرو سەربەرزانەی كە لە شەڕی داسپێنراوی دەوڵەتی ئیسلامی ترۆریستی(داعش)‌و لە داكۆكی كردن لە دەسكەوتە سیاسی‌و نەتەوەییەكانی كورد لە هەرێمی كوردستان‌و پاراستنی شۆناسی نەتەوەكەمان لە بەرەكانی شەڕدا گیانیان لە پێناوی ئامانجەكانی گەلەكەماندا بەخت كردووە.

هەروەها لەم كۆڕەدا سڵاوی پڕ لە سۆزی نیشتمانپەروەری پێشكەش بە بنەماڵە سەربەرزەكانیان دەكەین كە رۆڵەكانیان بە بیری نیشتمانپەروەری‌و خەبات‌و بەرخۆدان پەروەردە كردووە، بێگۆمان ئەم هەستی قوربانیدانەیان لە پێناو پاراستنی نەتەوە‌و نیشتمانەكەیان، شانازیەكی گەورە‌و مێژوویییە‌و ئەزموونی ئەم خەباتە پڕ لە سەروەرییە كە نیشتمان‌و گەلەكەمانی لە بەرانبەر پیلانی دوژمنان‌و نەیارانیدا پاراستووە.

لە كۆتاییدا جارێكی دیكە سڵاوی پڕلە هەستی نیشتمانپەروەریمان دەنێرین بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان.

بەسپاسەوە

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمیسیۆنی پێوەندییەكان
٢٤ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی
١٥ی مارسی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی