کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکهەڵچوونی هێزە ئینزامییەکانی رێژیم لەگەڵ لاوانی عەرەب و دەستبەسەرکردنی دەیان کەس

14:24 - 27 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم لە کاتی یاریی تۆپی‌پێی تیمەکانی فوولاد و ئەلهلال لەگەڵ لاوانی عەرەب تووشی تێکهەڵچوون بوون و دەیان کەس لە لاوانی عەرەب کە جل‌وبەرگی عەرەبییان لەبەر کردبوو، دەستبەسەر کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە ریکەوتی ٢٦ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە یاریگای ئەلغەدیری ئەهواز و دەورووبەری لەگەڵ لاوانی عەرەب تووشی تێکهەڵچوون بوونە و بە شێوەی گرووپی لاوانی عەرەبی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە.

دەوترێت کە هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران، لە کاتی یاریی تۆپی‌پێی تیمەکانی فوولاد و ئەلهلال لە دەورووبەری یاریگای جێگیر کراون و ژمارەیەکی بەرچاو لە لاوانی عەرەب کە جل‌وبەرگی دشداشە و عیقالیان لەبەر دابووە دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە ژمارەی دەستبەسەرکراوەکانی نزیک بە هەزار کەس رایگەیاند و جەختی کردووەتەوە کە ئەو کەسانەی لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراوان بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتیانە لەبەر دەست‌دا نییە.

چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهواز رایانگەیاندووە کە لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی هێزە ئینتزامییەکان لەگەڵ هاووڵاتییانی عەرەب، دو ماشێنی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگری تێبەردراوە و هەروەها دوو کەس لە هێزە ئینتزامییەکان بریندار بوونە.

سەرچاوە هەواڵدەرییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە هەزاران کەس لە لاوانی عەرەبی ئەهوازی نیسبەت بەو کردەوەی هێزە ئینتزامییەکان و دۆخی ئێستا لە ناوچەکە و هەروەها ئاگر لەخۆبەردانی یوونس عساکرە خۆپێشاندانیان کرد و هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران بە بەستنی پردی نزیک یاریگای ئەلغەدیر، لاوانی عەرەبیان بە شێوەی گرووپی دەستبەسەر کردووە.

لەو پەیوەندییەدا ئەلعەرەبییە بڵاوی کردووەتەوە کە هەندێک لە بینەران بۆ ئازادکردنی دەستبەسەرکراون بە بەرد هێرشیان کردووەتە سەر پۆلیسی رێژیم و هێزەکانی پۆلیسیش بۆ بڵاوە پێکردنی خەڵک تێرهاوێژیان کردووە.

ئاویەر. ت