کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات سێمیناری ساڵیادی شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو

16:03 - 28 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: سێمینارێک بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵیادی شیمیابارانی هەلەبجە لەلایەن نێت‌ورکی سوید-کوردی لە سوید بەڕێوەچوو.
بەپیی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەلایەن نێت ورکی سویدی کوردی یادی شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە لە پارلەمانی سوید کرایەوەو لەو یادەدا نوێنەرانی حیزبە کوردیەکان و کۆمەڵێک پارلمانتاری سویدی و کوردی و چەند کەسایەتییەکی دیاری کورد و نوێنەریی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە سوید حەمید تەیمووری بەشدار بوون.
سەرەتا، خولەکێک بێدەنگی بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگیرا.

پاشان سەفیری حکوومەتی عێراق لە وڵاتی سوید بەکر فەتاح وتارێکی لە سەر شیمیایی‌بارانی شاری هەڵەبجە کە پێنج هەزار کەس تێدا گیانیان لەدەست دا، کە بە دەستووری سەدام حوسێن و جێبەجی کردنی عەلی حەسەن مەجید ئەنجام درا، پێشکەش کرد.
پاشان، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان شۆڕش قادر وتارێکی لەسەر هەڵەبجە و یەکەم کورد لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٨٠٠ هاتووەتە سوید و ئەویش شەریف پاشای باڵوێزی دەوڵەتی ئەو کاتی عوسمانی و پاشان کەوتە شوێنی پرسی کورد و وازی لە پۆستی دەوڵەتی عوسمانی هێنا و بوو بە سیمبۆڵێک لە ناو کورددا.
پاشان، سووسەن کوردستانی بەرپرسی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان لە وڵاتی سوید وتارێکی لە سەر کوشتار و بۆردمانی شیمیایی هەڵەبجە پێشکەش کرد.
لە درێژەی وتارەکەی باسی نەهامەتیەکانی کورد و هێرشی ئەم دواییەی داعش بۆ سەر شارەکانی شنگاڵ و کۆبانی و باقی ناوچەکانی کوردستانی کرد کە داعش بە شێوەیەکی دڕندانە ئەو خەڵکەی بە کورد و سوننە و شیعە و مەسیحی، کەلدان، ئاشووری و تورکمەن و هەتا دوایی بە کۆمەڵ کوشت و کچ و ژن و منداڵی خەڵکی کوردیان بە بارمتە گرت و ژن و کچەکانیان وەک کوێلە فرۆشتەوە و هەرچی ئاسەواری کۆنە لە گوند و باژێرەکان تەقاندەوە و لە ناویان برد و کارەساتێکی مرۆڤایەتیان لەم سەدەی پێشکەوتووی جیهاندا لە ناوچەکە خولقاند.
نێت ورکی سویدی ـ کوردی بڕیاری دا پسپۆڕی عەسکەری بنێرن بۆ کوردستان و یارمەتی پێشمەرگە بدات دژ بە شەڕی داعش.
لە کۆتاییدا بە پێشکەش کردنی پارچەیەک مۆسیقا لەلایەن فەریبۆرز و بە وتەیەکی کورتی فرێدریکس ماڵم پارلمانتاری حیزبی لیبراڵ کۆتایی بە ڕێوڕەسمەکە هات.

کازیوە.ر