کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لە ساڵی رابردوودا/ ٩٥٦ حاڵەت دەستبەسەر کران، بانگهێشت و مەحکووم کرانی هاووڵاتییانی کورد

16:58 - 4 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: بە هاتنە سەر کاری حەسەن رۆحانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە کوردستان نالەبارتر بووە و لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ٩٥٦ حاڵەت دەستبەسەر کران، بانگهێشت و مەحکووم کردنی هاووڵاتیانی کورد لە کوردستان تۆمار کراوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت‌بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا نالەبارتر بووە و لە رەوتی بەرزبوونەوەی سەرکوتی هاووڵاتییان لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ٤١٥ حاڵەت دەستبەسەرکردن، ٣٨٦ حاڵەت بانگهێشت لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و بنکە ئەمنییەتییەکانی دیکەی رێژیم و ٢٠٦ حاڵەت کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتیانی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم و تەقینەوەی مین و هەروەها ٥٦٥ حاڵەتی دیکەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن سیستمی دەسەڵاتداری رێژیمی ئێران دژی هاووڵاتییان تۆمار کراوە.

ئەم راپۆرتە ئامارییە باس لە دەستبەسەر کرانی ٤١٥ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی ساڵی ١٣٩٣ی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەکات.

هەروەها لەو ماوەیەدا، ٣٨٦ حاڵەت بانگهێشت و ٧٩ حاڵەت مەحكووم بە زیندان و حاڵەتی دیکەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ رووی داوە.

لە ماوەی ٣ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی (وەرزی بەهار)، ١١٠ حاڵەتی دەستبەسەر کردن، ٥٦ حاڵەتی بانگهێشت و ٢٢ حاڵەتی مەحکووم کردنی هاوولاتییان بە زیندان، بارمتەی نەختی و حاڵەتی دیکە لە ئێران تۆمار کراوە.

هەروەها لە ٣ مانگی هاوینی ئەمسالدا، ٩٥ حاڵەت دەستبەسەر کردن، ٤٢ حالەت بانگهێشت و ١٩ حاڵەت مەحکووم بە زیندان و بارمتەی نەختی هاوولاتییانی کورد تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، لە ماوەی وەرزی پاییزدا، ٢٤٦ حاڵەت دەستبەسەر کردن، ٢٣٣ حاڵەت بانگهێشت و ٩ حاڵەت مەحکووم بە زیندان و حاڵەتی جۆراوجۆر لە کوردستانی ئێران ئەنجام دراوە.

لە درێژەی رەوتی بەرزبوونەوەی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران، لە ماوەی ٣ مانگی کۆتایی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویش، ٣٦ حاڵەت دەستبەسەر کردن، ٥٥ حاڵەت بانگهێشت و ٢٩ حالەت مەحکووم بە زیندان و حاڵەتی دیکەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران ئەنجام دراوە.

ئاویەر.ت