کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤ هاووڵاتیی دیکەی کورد بوونە قوربانیی تەقینەوەی مین

17:48 - 6 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: چوار هاووڵاتیی ناوچەی سەلاسی باوەجانی بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سەردەمی شەڕی رێژیمی ئیران و عێراق بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، ٤ هاووڵاتیی کورد کە یەکێکیان منداڵ بووە بە هۆی رووداوی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بوون.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو ٤ کەسە ئەندامی بنەماڵەیەک بوون و لە کاتێکدا لە تەنیشت گوندەکەی خۆیان ئاگریان کردووەتەوە، مینێکی چێندراوی سەردەمی شەڕ لە ژێر ئاگرەکەدا تەقیوەتەوە و بە هۆی ئەم رووداوە، بە توندی بریندار بوون.

ئەو ٤ هاووڵاتییە، پاش رووداوەکە دەستبەجێ لەلایەن دانیشتوانی گوندەکەوە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی جوانڕۆ و پاش چارەسەرێکی سەرەتایی، رەوانەی نەخۆشخانەیەکی کرماشان کراون.

هەتا ئێستا شوناسی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی بەرکوڕی سەربە تازاوای سەلاسی باوەجانی، کە هەنووکە لە نەخۆشخانەی کرماشان لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان، روون نەبووەتەوە.

پێشتریش، ٥ قوتابیی کورد بە هۆی تەقینەوەی گولـلە خۆمپارەی نەتەقیوی سەردەمی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراق لە یەکێک لە ناوچەکانی شاری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام، بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەوە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئیستاش لە تەنیشت گوندی رەجەوی لە ناوچەی شێخ سەڵەی سەربە سەلاسی باوەجانی، سێ بۆمبی نەتەقیوی سەردەمی شەری ٨ ساڵە، لەلایەن هاووڵاتیانی گوندەکەوە دۆزرانەوە.

ناوچەی ئەزگەلە و شیخ سەڵە بە پڕ مین و مەترسیدارترین ناوچەکانی سەلاسی باوەجانی لەقەڵەم ئەژمار دەکرێن.

بەپێی زانیارییەكان ٦ میلیۆن هێكتار لە خاكی ئێران بە مین چێندراوە و بەپێی دوایین ئامارەكان سەرجەم ١٦ میلیۆن مین لە سەرتاسەری ئێراندا بوونی هەیە و چوار پارێزگای ئیلام، كرماشان، كوردستان و ئورمیە ‌بەهۆی روانینی ئەمنیەتی و سنووریی‌بوون زیاترین رێژەی مینی چێندراویان هەیە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا پەیماننامەی ئۆتاڤا، کە تایبەت بە قەدەغەکردنی بەکارهێنان، کڕین و فرۆشتنی مینی دژە نەفەرە، واژۆ نەکردووە و بۆ هەڵگرتنەوەی ١٦ بۆ ٣٠ ملوین مین لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، کرماشان، ئیلام و ئورمیە و خوزستان، هیچ هەوڵێکی نەداوە.

رێژیمی ئێران سەرەڕای ئەویکە، کەمترین هەوڵی بۆ هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکانی سەر سنوور داوە، بەبیانووی رێگری لە قاچاخ، رۆژانە لە ناوچە سنوورییەکان مین دەچێنێت و کۆڵبەران و هاووڵاتییانی مەدەنی دەبنە قوربانی.

بە پشت بەستن بە راپۆرتی ئاماریی ئاژانسی کوردپا، لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، تەقینەوەی مین لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا، ٢٢ کوژراو و ٤١ برینداری لێ کەوتووەتەوە.

کازیوە.ر