کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/چاوپێکەوتنی شاندێکی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەرپرسی رێکخراوی نێت‌ وۆرکی سوید – کوردی

14:48 - 8 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئانا لێنا سوێرنسون بەرپرسی رێکخراوی نێت‌ وۆرکی سوید – کوردی لە پارلەمانی سوید، چاوپێکەوتنیان کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیحەمید تەیمووری نوێنەری پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و نوێنەری کۆمەڵێک لە حیزبە کوردستانیەکانی هەر چوار پارچە کوردستان لەگەڵ ئانا لێنا سوێرنسون بەرپرسی رێکخراوی نێت وۆرکی سویدی ـ کوردی لە پارلەمانی سوید چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.
لەم چاوپێکەوتنەدا، باسێکی گشتی لەسەر کوردستانی ئێران و هەڵکشانی ئاستی ئیعدامەکان دوای هاتنە سەرکاریحەسەن رۆحانی، شەڕی باشوور لەگەڵ داعش و کێشەکانی و رۆخانی شار و شارۆچکەکان و شەهید بوونی پێشمەرگەی کورد، تێک‌رۆخانی شاری کۆبانێ بە هۆی هێرشی داعش و کێشەی کوردی باکوور و پەک کەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا کرا.
لە کۆتاییدا چوار خاڵی سەرەکی خرانە بەردەستی ئانا لێنا سوێرسون بەرپرسی رێکخراوی نێت وۆرکی سویدی ـ کوردی، ناوبراو لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوەکە تاوتۆی بکەن و ئینجا بەرزی کەنەوە بۆ پارلەمان و دەوڵەتی سوید.

ـ دەوڵەتی سوید چالاکەنە بۆ راوەستانی ئیعدامەکان ودەستبەسەر و زیندانی کردنی کوردانی رۆژهەڵات و توندوتێژییەکانی هێزەکانی رێژیمی ئێران لە کوردستان جم‌وجۆڵێکی دیپلۆماسی بخاتە گڕ و ئەو جەنایەتانە بە شێوەی گرتنی سێمینار لەگەڵ دام‌و دەزگاکانی دەوڵەتی سوید و تەنانەت لە پارلەمانیش هەوڵی بۆ بدرێ و ئەو کێشانە زەق بکەنەوە.

10520.jpg

ـ رۆخانی شار و شارۆچکەکانی باشوور و شەهیدبوونی پێشمەرگە و هەروەها بۆ سەقامگیری گەلی کورد لەم بەشەدا دەوڵەتی سوید بە جیددی هاوکاری کورد بکات، هەرچەند دەوڵەتی سوید قەوڵی داوە یارمەتی بۆ ئەم بەشە بنێری بەڵام تاکو ئێستا جێ بەجێی نەکراوە.

ـ دەوڵەتی سوید یارمەتی دەر بێ بۆ بنیاتنانەوەی شاری کۆبانێ و دەتوانێ رۆڵێکی ئەکتیڤی هەبێ لەو بوارەدا و هاوکاری کوردی ئەم بەشەش بێ.

ـ داوا کرا کە سوید چالاکانە رۆڵی ناوبژیوانی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی تورکیە بکات و ئەو کێشانەی کە بوونەتە رێگر لە بەردەم پرۆسەی ئاشتی چارەسەر بکات.

ئانا لێناش بەڵێنیدا کە کۆمەڵیک سێمینار بگرن لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو کێشانە زەق بکەنەوە، چوونکە وا هەست دەکەن کە ئەو بەشەی کوردستان لە بیر کراوە و هەموو هەوڵەکان لە پێناوی وەستانی چەکی ناوەکی ئێران لە ئارادان و شتەکانی‌تر لە بیر کراون.

هەروەها، لەسەر باشووریش وتی کە بڕیاری یارمەتی دراوە و ئەوە دەبێ پرۆسەی یاسایی خۆی ببڕی و ئینجا دەکەوێتە بواری جێبەجێی کردنەوە.

کازیوە.ر