کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران رۆژنامەنووسێکی کوردی لە مەهاباد بۆ ئورمیە گواستەوە

17:34 - 10 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: رۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی سەردەشت کە ماوەی یەک مانگە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی کاوان محەممەد پوور تەمەن ٢٨ ساڵە، رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی سەردەشت لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامی لە مەهاباد بانگهێشت و پاشان دەستبەسەر کراوە.

ئەم رۆژنامەنووسە کوردە لە ماوەی دەستبەسەریدا، لە رێگەی پەیوەندی تەلەفونیدا بە بنەماڵەی رایگەیاندووە کە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە راگوازراوە.

کاوان محەممەدپوور خوێندکاری لقی کۆمەڵناسیی زانکۆی مەهاباد، سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی جامعە کوردستان، هاوکاری رۆژنامەی شەرق و دەبیری گۆڤاری ئەدەبیی حەوتی تیری سەردەشت بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامی پاش دەستبەسەر کردنی کاوان محەممەدپوور چوونەتە ناو ماڵی ئەو رۆژنامەنووسە کوردە و کەلوپەلی شەخسی و لەب‌تابی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا ئێستا هیج زانییارییەک لە هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو رۆژنامەنووسە کوردە لە بەر دەستدا نییە.

هەروەها، زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی مەسجید سلێمان لە پارێزگای خووزستان، کە بە زیندانی درێژماوە حوکم دراوە، مانی لە خواردن گرت.

چەنگیز قەدەم خێر زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران بە نیشانەی نارەزایەتی دەربڕین بە هەڵسووکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندان و رێگری کردنیان لەگەڵ چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بۆ ماوەیەکی نادیار مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە راگەیاند: لەماوەی حەفتەی رابردوودا بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەل کوڕەکەیان چووبوونەبوون، زیندانی مەسجید سلێمان و بەرپرسانی ئەو زیندانە ئیزنی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەو زیندانییە سیاسییەدا پێنەداون.

بەپێی راپۆرتی نوێی رێکخراوی بێ سنوور کە لە رێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاو کراوەتەوە، رێژیمی ئێران لەگەڵ ٥٠ چالاکی سیاسیی زیندانی کراو یەکێک لە ٥ زیندانی جیهان بۆ رۆژنامەنووسانە.

کازیوە.ر