کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژئاوای کانادا/ بەڕێوەچوونی کۆڕێکی رێزلێنان بە بۆنەی ١٠ خاکەلێوە

15:58 - 11 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژئاوای کانادا بە بۆنەی ١٠ خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان کۆڕێکێ رێزلێنانی بەڕێوە برد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژئاوای کانادا بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی کۆرێکی رێز لێنان و یادکردنەوەی بەڕێوە برد.

سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان شەهریار ویژە پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.

دواتر کیومەرس نیک رەفتار وتارێکی لەسەر شەهید و ریشەی ئەم وشەیە پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

پاشان حەمید بەهرامی، بەرپرسی کۆمیتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ئامریکای باکوور، پەیامی پرسە و هاوخەمی رێکخراوەکەیانی پێشکەش کرد.

هەروەها گابار چۆلی بروسکەی هاوخەمی هەر یەک لە پارتی دێموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و سازمانی خەباتی شۆڕشگێری کوردستانی ئێرانی کە بۆ ئەم رێوڕەسمە نێردرابوون، پێشکەش کرد.

دواتر ئیسمایل ئیبراهیمی، نوێنەری حیزب لە کانادا، وتارێکی لە سەر سیستمی “ولایەتی فەقیهـ” و دەسەڵاتی رەشی کۆماری ئیسلامی پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا بۆ رێزگرتن لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان نامەیەکی رێزگرتن و گووڵێکی سوور و کۆپیەک لە فیلمی شەقامی دوکتور قاسملوو پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان کرا.

لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا، ئەحەد وەکیلی، پێشمەرگەی دێرینی ئازەری زمان چەند بیرەوەریەکی پێشمەرگایەتی و وتارێک لە سەر بیری نەتەوایەتی لە روانگەی شەهید دوکتور شەرەفکەندی پێشکەش کرد و پاشان کاوە سوور، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

کۆتایی رێوڕەسمەکە تایبەت بوو بە فیلمی بیرەوەری هاورێیەکی پێشمەرگە لە رۆژەکانی سەختی پێشمەرگایەتی و چۆنیەتی شەهید بوونی هاورێیانی و رێزلێنان لەو خەبات و فیداکاریە.

گادەر. د