کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرانشار/ کۆچی دوایی باوکی شەهیدێکی رێگای رزگاریی کوردستان

16:17 - 22 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: باوکی شەهید مستەفا محەممەدی، شەهیدی رێگای رزگاریی کوردستان له ناوچەی پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، بایز محەممەدی باوکی شەهید مستەفا محەممەدی ناسراو به قەزا پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەڵکی گوندی دڵاوان سه ر به ناوچەی پیرانشار له تەمەنی ٩٠ ساڵیدا به هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە و خزم و دۆستان و ئاشنایانی بە خاک سپێردرا.

مام بایز کەسایەتییەکی نیشتمان‌پەروەر و خۆشناو و جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو و رێزێکی تایبەتی له نێو خەڵکی ناوچەکەدا هەبوو.

شەهید مستەفا محەممەدی ساڵی١٣٤٢ی هەتاوی له گوندی دڵاوان له دایک بوو. ناوبراو پاش پێوەست‌بوون بە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له رێکەوتی ١٤ی جۆزەردانی ١٣٦٠ی هەتاویدا، لە شەڕێکی قارەمانانه‌ بە دژی هێزە داگیرکەرەکانی رێژیمی ئێران له قۆبه شەهید کرا وگڵکۆی له گرده سووری پیرانشار دایە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسه و سەرەخۆشی خۆی له بنەماڵه و کەسوکاری مام بایز دەکات و خۆی به شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانێت.

کازیوە.ر