کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرک و وەزیفەکانی بەرەی یەکگرتوی کورد لە نێوخۆی وڵات!

15:30 - 25 خاکەلێوه 2715

نامەیەکی سەر ئاوەڵە بۆ بەرەی یەکگرتوی کورد

لە رۆژانی رابردوودا کە هەواڵی رێکەوتنی ئێران و وڵاتانی ٥ زێدە یەک بڵاوبووە بۆ بە هۆی دڵخۆشی ٢ بەش، بەشی یەکەم هێزی چەپڵە و سەما ن کە خەڵکی سادە و ساکاری ئێران کە بە پۆڵێکی کەم دەتوانی بیانکڕی و کێ پۆڵی زیاتر بدا بە شان‌وباڵی ئەو هەڵدەڵێن و هیچ شتێکیان لە سەر چارەنووسی نە خۆیان نە خەڵکەکەیان و نە تەنانەت داهاتووی منداڵەکانیان بۆ گرینگ نیە و لە ئەساس‌دا هێزی چەپڵە و سەمان و لە دەرفەتێک دەگەڕین بۆ سەما کردن نەک گۆڕینی چارەنووسیان.

10623.jpg
چیا عەلیار

بەشی دووهەم لایەنگرانی کۆماری ئێسلامی و ئەو کەسانەن کە سەر بە رێژیمن و بە شێوەیەک لە شێوەکان، کە زیاتر ئەویش هەر مادییە بەستراونەتەوە بە رێژیمی ئێران.

خەڵکانی دیکەش بە هۆکاری جۆراوجۆر و بەو هیوایەی کە پێێان وایە ئەگەر رێژیم تەحریمەکانی لە سەر لابچی ئەوە بارودۆخی ئابووری خەڵک بەرەو باشی دەچی و بێ خەبەر لەوەی کە هەتا بەرنامە شەڕخوازانەکانی رێژیم بەردەوام بێ و هەتا فەلەستین و لووبنان و سووریە و یەمەن بیانهەوێت ئەو پۆڵ و داهاتە بۆ خەڵکی ئێران نیە و ئەو بۆچوونەش زیاتر لەوێوەوە سەرچاوە دەگرێت کە خەڵک یا ماهیەتی کۆماری ئیسلامیان نەناسیوە یا نایانهەوێت وەبیریان بێتەوە کە پێش تەحریمەکان چ دەستە گۆڵێکی لە سەری خەڵک‌دا بوو رێژیم کە ئێستا پێان وایە دیسان دەیکاتەوە.

بەڵام لەو نێوەدا ئەوەی بۆ من سرنج راکێش بوو رێکخراوێک کە گوایە کوردیە و نیویشی بەرەی یەکگرتوی کوردە کە لە تاران دادەنیشن، وەک ئەوەی لە قافلە بە‌جێمابن و بە بێ‌لێکدانەوەی سیاسی و یا چەند رۆژ راوەستان کە بزانن ئاکامی ئەو بە رواڵەت رێکەوتنە چ‌دەبێ بەیاننامەیەکی بەپەلەیان بڵاو کردووەتەوە و لەودا شاگەشکەیی و خەنی بۆن بە دێڕەکانی‌دا دیارە، هەرچەند وا دیارە ئەو بەرەیە تەنیا یەک ئەندامی هەیە ئەویش سکرتێرەکەیان بەڕێز دوکتور رەحیم فەرەهمەندە چونکە لە لاپەڕەی فەیسبوکی ناوبراو لەگەڵ دانانی بەیان نامەکە لە جیات ئارمی حیزبەکەی یا بەرەکەی وێنەی خۆیانی دانابوو.

لەو بەیاننامەیەدا کە بە ئەدەبیاتێکی پان ئیرانیست رۆحانیست نوسراوە تاقەی یەک جاریش یەک وشەش باسی گەلی کورد نەکراوە و بگرە زیاتر تاکید کراوەتەوە لە سەر ملت ایران منافع ملی لە سەرەتا‌دا ئاوا نوسراوە: یکی از ثمران انتخابات 92 و البته یکی از سیاست‌هایی که به دنبال تجربه ناکام و زیانبار بی‌سیاستی سالهای گذشته به دست آمد، به بار نشست.

یانی بڕوایان وایە کە رۆحانی و هەڵبژاردنی ناوبراو ئاڵۆگۆڕێکی جیددی لە ئێران‌دا پێک دەهێنێت و ئەوە ئەحمەدی‌نیژاد بوو کە نەیدەهێشت ئێران بەرەو دێموکراسی بڕوات و ئێستاش دەرکەوت کە بە قسەی ئەوان ثمرات‌ی هاتنی رۆحانی بە بار نشست!

بۆچوونێکی کرچ‌و‌کاڵ کە هێشتا بۆی دەرنەکەوتوە کە رۆحانی و ئەحمەدی‌نیژادەکان تەنیا مۆرەکانی شەترەنجن کە خامنەیی و سیستمی ویلایەتی فەقیهـ کایەیان پێ‌دەکات و پاش قسەکانی خامنەییش ئەوە راستیە بە جوانی دەرکەوت.

جیا لە چەند جار منافعی ملی منافعی ملی دوپات کردنەوە کە بە کەڕات تاکیدی لە سەر کراوە لە کۆتایی‌دا دەفەرمون Smiley frown اکنون که بخشی از این آرزوی ما به واقع تبدیل شده، شادمانیم و این پیروزی تعامل و تدبیر را به ملت ایران شادباش می گوئیم.
پیروزی!؟
تعامل و تدبیر!؟
ملت ایران!؟
شاد باش!؟

بەڵام باسی ئەوە نەکراوە کە لەو پیرۆزیە بە قسەی ئەوان و لە دەوڵەتی تعامل و تدبیر‌دا چ شتێک وەبەر گەلی کورد دەکەوێ!!!؟؟؟ یا هەرچەند مەحاڵە وڵام بەو داوایە بەڵام داوایان کرد با بۆ نەبوونی عەریزەش بایە کە پاش ئەو دەستکەوتە بە قسەی ئەوان ئاوڕێکیش لە کوردستان بدەنەوە و لە جیات غەزە و لووبنان تۆزێک ئاوەدانی بکەنەوە کە ئەوە چکۆڵەترین داوایە.
بەیاننامەی بەرەی یەکگرتوی کورد زیاتر بەیاننامەیەکی پان ئیرانیستی بوو کە زیاتر دەرکەوت کە نەک ئەوەی کە هیچ بڕوایەکیان بە مافی گەلی کورد نیە بەڵکۆ تاکیدی ئەوان لە سەر یەکپارچەیی و منافعی ملی ئێرانە.

بەڵام ئەوەی کە دەبێ بەڕێزانی بەرەی یەکگروتی کورد و دوکتور رەحیم فەرەهمەند بیزانن ئەوەیە کە:
کاتێک ئەوان وشەی کوردیان لە سەر رێکخراوەکەیان داناوە و وەک بەرە یا رێکخراوێکی کوردی کار دەکەن باشترە لە جیات ئەوەی بە شان‌و‌باڵی کۆماری ئیسلامی و منافع ملی و ملتی ئێران هەڵبڵێن و شانازی پێوە بکەن، کەمێک لە دەرد و رەنج و کێشە و گرفتاریەکانی گەلی کورد بدوێن.

بەیاننامەیەک بدەن و بڵێن کوشتنی کاسبکارانی سەر سنورەکان کە هیچ داهاتێکیان نیە و رێژیمی ئێران بێ‌بەزەییانە سینگیان دەئەنجنی مەحکوومە.

داوا بکەن ئیعدامی یەک لە دوای یەکی لاوانی کورد بە کەمترین تاوان رابگیرێ.
داوای ئاوەدان کردنەوەی کوردستان بکەن، زمانی کوردی، مەدرەسە، نەخۆشنخانە، شوێنی کۆلتوری، و دەیان نمونەی دیکە.
داوا بکەن سیستمی میلیتاریزە لە کوردستان کۆبکرێتەوە و بە چاوی ئەمنییەتی نەڕواننە کوردستان.
داوا بکەن ئەو هەمووە مینانە لە ناوچە سنووریەکان کۆبکرێنەوە کە رۆژ نیە منداڵانی کورد نەکەونە سەری و لاق و دەست و یا گیانیان لە دەست نەدەن.
لە کەبودوندەوە فێر بن
بە بونەی رۆژە نەتەوەییەکانی گەلی کوردەوە، کۆڕ و کۆبونەوە و سیمینار و کۆنفرانس بەڕێوە بەرن.
٢ی رێبەندان پیرۆز بکەن.
تێروری رێبەرانی شەهید مەحکووم بکەن
١ی خاکەلێوە سێمینار بگرن.

زۆر لە پاش خەڵکەوە دەڕۆن، لە مەریوان بە ئازادی لە جێژنی نەورۆزدا ئاڵای کوردستان و وێنەی رێبەرانی شەهید و سرودی نەتەوەیی ئەی رەقیب لێ دەدەن کەچی ئێوە باس لە منافعی ملی و ملەتی ئێران و سەرکەوتنەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن و جێژن دەگرن.

لە بەیاننامەیەک دا باسی قارەمانەتی پێشمەرگەکانی باشووری کوردستان بکەن و داوا لە خەڵک بکەن یارمەتیان لێ‌قەوماوان بدا.
لەگەڵ پاڕڵمانتارە کوردەکان کۆببنەوە و داوایان لێ بکەن کێشەکانی گەلی کورد بەرنە نێو مەجلیسەوە
دەنگ هەڵبڕن، چالاک بن هەتا هەم گەلی کورد لە نێوخۆ حیسابتان بۆ بکات هەم هێزە کوردییەکانی دژبەری رێژیم.

ئەدەبیاتەکەتان بگوڕن، بە ئەدەبیاتێکی پان ئیرانیستی داکۆکی لە مافی کورد کردن کە نەشتان کردووە بەڵام دیسانیش ئەگەر بە تەما بون بیکەن بۆتان ناکرێ، داکۆکی لە مافی نەتەوایەتی کورد بە ئەدەبیاتی کوردانە دەکرێ، نە کۆمونیستی، نە ئیسلامی نە پان و ئیسم و ئیزم.

لە کۆتاییدا هەرچەند تا ئێستا نەتان کردووە بەڵام هیوادارم لەوەی بەدوا بە گوڕینی سیاسەتتان و لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی کە عەرزم کردن لە سەرێ بتوانن دەور و رۆڵی گرینگ و ئەرێنیتان هەبێ بۆ گەلی کورد نەک هەر لە کوردستانی رۆژهەڵات بگرە بۆ بەشەکانی دیکەش و بتوانن کاری گرینگ و بە کەڵک بکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە