کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئەمریکا

21:44 - 3 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ نوێنەری هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئامریکا چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە، ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا بە سەرپەرەستی ئارش ساڵح نوێنەری پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئامریکا سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان لەو واشنگتۆن کرد و لەلایەن بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حکوومەتی هەرێمەوە پێشوازیان لێ کرا.

سەرەتا ئارەش ساڵح باسی لەسەر ئەوە کرد کە لەو وڵاتە‌دا هەندێک بواری هاوبەش هەن کە دەکرێت بنەمای هاوکاری پتەویان لەسەر دابنێردرێت و ئاما‌ژەی بە کولتووری هاوبەش و شوناسی هاوبەش کرد کە دەتوانێت ببێتە بنەمایێکی بەهێز بۆ هەموو چەشنە هاوکاریێک لە ئەمریکادا.

هەروەها نوێنەری حیزب وتی کە حیزبی دیمۆکرات لە رووی پرەنسیپ و بە پێی ئەو بنەمایانەی کە پەسەندی کردوون هەموو کاتێک سەرکەوتنی ئەزمونی باشوری کوردستانی بۆ گرینگ بووە و لەو بوارەدا ئەوەی لە دەستی هاتبێ درێغی نەکردووە.

هەروەها ئارش ساڵح وتی کە یەکێک لەو مەترسیانەی کە ئێمرۆ نەتەنیا رووبەڕووی گەلی کورد و حکوومەتی هەرێم، بەڵکوو تەواوی رۆژهەڵاتی ناڤین بۆتەوە دەستێوەردانی رێژیمی ئێرانە لە کارووباری هاوسێکانی و رایگەیاند: بە پێێ ئەو ناسینە قووڵەی کە ئێمە لە کۆماری ئیسلامی ئێران هەمانە ئەو رێژیمە بۆ پێش بردنی ئامانجەکانی خۆی لە ناوچەکە دا سیاسەتێکی تێکدەرانەی هەیە و هەوڵ دەدات بە هەرچەشنێک سەقامگیری ناوچەکە تێک بدات.

وشیاری هەموو لایەنەکان بابەتێکی دیکەی ئارەش ساڵح لە کۆبوونەوەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی لە ئامریکا بوو.

هەروەها نوێنەری حیزب داوای کرد کە پەیوەندی حیزبە کوردستانیەکان لە سەر بنەمای دوو چەمکی بەرژەوەندی نەتەوایەتی و ئاسایشی نەتەوایەتی دابمەزرێت و لایەنە سیاسیەکان بتوانن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەک بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەو دوو چەمکە بگەن.

بەیان سامی عەبدولڕەحمان وتی کە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئەمریکا هەست بە پێویستی هاوکاری لەو بوارە هاوبەشانە دەکات و لە چوارچێوەی واقعیەتی سیاسی‌دا زۆر پێشوازی لە بیرۆکەی هاوکاری حیزبە کوردستانیەکان دەکات.

نوێنەری حکوومەتی هەرێم رایگەیاند کە ئەو کۆدەنگیەی کە لە ناو هێزە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان پاش هێرشی داعش پێک هات راستێێکی زۆر دڵخۆشکەر بوو. ناوبراو لە درێژەدا وتی کە پاش ئەوەی کە داعش هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان، یەکدەنگی هێزە کوردستانیەکان بە دوژمنانی گەلی کورد پیشانی‌دا بە پێچەوانەی ئەو شتەی کە ئەوان بیریان لێ‌دەکردەوە گەلی کورد یەکگرتووەو و سەرەڕای جیاوازییەکان لە ئاوەها کاتێک‌دا یەکگرتوون.

پاشان جەماڵ عەبدوڵازادە بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا ئاماژەی بە هاوکارییەکانی کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا کرد کە هەتاکوو ئیستا چی لەدەستی هاتووە بۆ یارمەتی‌دان بەرژەوەندی کورد لە ئەمریکا درێغی نەکردوەو و لەمە‌وبە دواش هەر بەو شێوەیە دەجووڵێنەوە.

هەروەها وتی کە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم بە هۆی ئەو پێگەیە و پۆتانسیێلانەی کە هەیەتی دەتوانێت کە دەسپێشخەر بێت لە زۆر ئەرک‌دا و پێویستە بزانێت کە کۆمیتەی حیزب لە ئەمریکا هەتا ئەو جێگەی کە لەدەستی بێت پشتیوانیەتی و هاوکاری دەکات.

لە کۆتایی هەر دوو لا وێڕای تەئکید کردن لەسەر پێویستی هاوکاری زیاتر لە ئەمریکا وتیان کە بەتایبەت لاوەکان و جیلی دووهەمی کۆچبەران بابەتێکی زۆر گرینگن کە پێویستە زۆرتر لەسەریان کار بکریت بۆ ئەوەی کە هەم ئاگاداری کەلتووری کوردەواری ببن و هەم ئەوەی بەشداری زیاتر بکەن لە بۆنە کەلتووریەکان.

هەروەها هەر دوو لا تەئکیدیان لە سەر ئەوە کردەوە کە بۆ ئەوەی هاوکاریەکان کاریگەر‌تر بن پێویستە ئەو هاوکاریانە سیستەماتیک بکرێن.

کازیوە.ر