کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار فەرماندەی دیکەی سپای پاسداران لە سووریە کوژران

17:05 - 5 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: ٤ فەرماندەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە چوارچێوەی گرووپی یاریدەدەری هێزەکانی بەشار ئەسەد لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لە دژی ئۆپۆزسیۆنی رێژیمی ئەسەد شەڕیان دەکرد، کوژران.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئێران، لە نوێتیرین شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد و ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە، دەیان کەس کوژراو یان بریندار بوون.

ئاژانسی ئەلعەرەبییە لەم بارەیەوە رایگەیاند کە لە شەڕ و پێکدادانێکدا لە پارێزگای دەرعا رووی دا، ٤ فەرماندی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران کە لە چوارچێوەی هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەددا سازماندەهی و خەڵکی سووریەیان سەرکوت دەکرد، کوژراون.

جەلال حەبیبوڵڵاپوور، هادی کەجبافت، روزبە هلیسایی و حەسەن بادپا ناوی ئەو ٤ فەرماندەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانن کە لەم ماوەیە لە تێکهەڵچوونەکانی ناوچەی بەسرە ئەلحریر سەر بە پارێزگای دەرعای سووریە کوژراون.

هەر لەم پەیوەندییەدا، بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی دەوڵەتی ئیرنا، لە ماوەی سێ رۆژی سەرەتای مانگی بانەمەڕدا ٦ ئەندامی سپای پاسداران لە سووریە کوژراون.

راپۆرتە بڵاو کراوەکان باس لەوە دەکەن کە تەرمی ئەم ٤ فەرماندەیە لەگەڵ دەیان دیلی ئەفغانی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزە دژبەرەکاندایە.

هێزەکانی سپا و بەسیجی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی گرووپەکانی وەکوو گوردانی فاتمیوون یا لە ژێر ناوی وەکوو بەرگری لە حەرەمی حەزرەتی مەعسوومە بە مەبەستی بەرگری کردن لە رێژیمی بەشار ئەسەد، لە شەڕی سووریە بەشدارن و شان بە شانی هێزەکانی رێژیمی سووریە هاووڵاتییان دەکوژن.