کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ دوایین زانیاری لەسەر پەرچەکردارەکانی هەمبەر مەرگی فەریناز خوسرەوانی

17:45 - 19 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: مەرگی گوماناویی کچە کارمەندێکی هۆتێل تارای مەهاباد، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەرچەکرداری بەربڵاوی لێکەوتەوە و بەدوادانەچوونی ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیم، ناڕەزایەتیی خەڵکی مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستانی لێ کەوتەوە.


بەپێی ئەو هەواڵ و راپۆرتانە کەلە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرانەوە، فەریناز خوسرەوانی بۆ پاراستنی \'\' کەرامەت و نامووس\'\'ی خۆی و بۆ پێشگیری لە دەستدرێژیی فەرمانبەرێکی \'\'ئیدارەی گەشتیاری\'\'ی رێژیم، لە نهۆمی چوارەمی هوتێڵ تاراوە خۆی فڕێ دابووە خوارەوە.

کاریگەریی ئەو رووداوە بە چەشنێک بوو کە بڕیار درا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ لە بەردەم هۆتێل تارا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەبچێ.

هاووڵاتییانی شاری مەهاباد بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر ئەو رووداوە، لەبەر دەم هۆتێل تارا کۆبوونەوە و دواتر ئەو کۆبونەوە هێمنانەیە بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەتی ــ ئینتزامییەکانی رێژیم توندوتیژیی لێکەوتەوە کەلە ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد بریندار کران.

بە وتەی شایەتحاڵان، هێزە نیزامییەکان بۆ بڵاوە پێکردنی هاووڵاتییان تەقەیان کردووە و کەڵکیان لە گازی فرمێسک‌رێژیش وەرگرتووە.

ژمارەیەک سەرچاوە باسیان لە بریندار بوونی زیاتر لە ٢٥ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد لەو خۆپیشاندانەدا کردووە و تەنانەت چەند هاووڵاتییەکیش دەسبەسەر کراون.

پاش خۆپیشاندانەکەی شاری مەهاباد بڕیار بوو کە لەشارەکانی بۆکان، پیرانشار، مەریوان و شنۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە بچێ. بەپێی ئەو زانیارییانەی بە \'\'کوردستان میدیا\'\' گەیشتوون ئەو چەند شارە بە تەواوەتی میلیتاریزە کراون و تەنانەت هاتوچۆش تێیاندا بە ئەستم ئەنجام دەدرێت.

لەو پێوەندییەدا کۆمیتەی هەماهەنگی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پێگەی خۆیان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ (شەممە رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ) لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستانی رۆژهەڵات خۆپێشاندان بەڕێوە بچێت.

چەندین سەرچاوە باسیان لەوە کرد کە پاش مەرگی ئەو کچە مەهابادییە، ناوەندە پێوەندیدارەکان بەڵێنیی پێڕاگەیشتن بە تاوانبارانی پەروەندەکەیان دا، بەڵام هاووڵاتییان بەڵێینی هێزەکانیان بە پڕ و پووچ لە قەڵەم دا و لە ئەنجامدا هێزەکانی رێژیم بە توندی بەرەنگاری ناڕازییان بوونەوە.
دوای زاڵبوونی دۆخێکی نیزامی و میلیتاریزەکردنی شاری مەهاباد، هەروەها خراپیی ئینتێرنێت و تەلەفۆن، هەواڵەکانی ئەو رووداوە بە شێوەی خێرا دەگوازرانەوە و دەنگدانەوەی لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا هەبوو.

هەتا ئێستا ژمارەی راست و دروستی دەستبەسەرکراوەکانی شاری مەهاباد ناڕوونە و دەوترێ هەتا دێت ئەو رێژەیە رووی لە زیادبوون دایە و هێزەکانی رێژیم دەچنە سەر ماڵەکان و بە بێ هیچ حوکمێکی قەزایی هاووڵاتییان دەستبەسەر دەکەن.

بەپێی راپۆرتەکان کۆبوونەوەی زیاتر لە دوو کەس لە شاری مەهاباد و بە تایبەت لە ناوەندی شار قەدەغە راگەیەندراوە و تەنانەت لە شارەکانی دیکەشەوە هێز رەوانەی مەهاباد کراوە.

بەپێی ئەو هەوال و زانیارییانەی کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ترسی تەشەنەی زیاتری ئەو ناڕەزایەتییە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان، حاڵەتی ئامادەباشی راگەیاندووە، هەروەها لە شاری سایین‌قەڵاوە هێزی گاردی تایبەت و لیباس شەخسی رەوانەی شاری بۆکان کراوە.

رێژم لە رێگای جۆراجۆر و بە فێڵ و تەڵەکە تایبەتییەکانی خۆی لە هەوڵی کەم‌ڕەنگ کردنەوەی ئەو رووداوانەدا بوو و لە شارەکانی کوردستان مۆرە و دەست‌وپەیوەندییەکانی خۆی ئاگادر کردبووە کە پاڵپشتی لە حەرەکەتی ناڕەزایەتیی مەهاباد نەکەن.

لەو بارەیەشەوە عەلی‌ڕەزا رادفەڕ جێگری پارێزگاری ئورمیە هەڕەشەی لە هاووڵاتییانی مەهابادی کرد و ویستی کە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد بە \'\'هێزی بێگانە\'\' و \'\'دوژمنەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران\'\' ببستێتەوە.

ناوبراو لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ساڵۆنی کۆبوونەوەکانی پارێزگای ئورمیە، هەڕەشەی لە لاوانی شاری مەهاباد کردووە و رایگەیاندووە کە بە توندی بەرەنگاری ناڕازاییان دەبنەوە.

ئەو بەرپرسە ئەمنییەتییەی رێژیم باسی لەوەش کردبوو کە حیزبەکانی دێموکرات و کۆمەڵە ئەو ناڕەزایەتییانە هیدایەت دەکەن.

راپۆرتەکان باسیان لەوەش کردووە کە لە شارەکانی مەریوان و شنۆ تەقە کراوە و باس لە تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە دەرووبەری ئەو شارە دەکەن کە ئەو هەواڵە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی باس کراوە بەلام ئەو ئاژانسە تەئیدی نەکردووە.

سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی شاری مەهاباد و پشتیوانی لەو حەرەکەتە ئیعترازییە، ژنان و پیاوان بە هاوکاریی رێکخراوی \'\'کۆما ژنانی ئازاد\'\' لە شاری ئامەد رێپێوانێکیان بۆ پشتیوانی لە فەریناز خوسرەوانی و خەڵکی ناڕازیی شاری مەهاباد رێکخست.

هەروەها لە خۆپیشاندانەدا شاندێکی یەکیەتیی ژنان بە سەرپەرستیی \'\'رۆژین بەهرامی\'\' ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ئەو یەکیەتییە و شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'فواد خاکی‌بەیگی\'\' رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨ی بانەمەڕ لە خۆپیشاندانی شاری ئامەد کە بۆ پشتیوانیی خەڵکی شاری مەهاباد رێکخرابوو، بەشدارییان کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا دروشمی بژی \'\'ئازادیی کوردستانی رۆژهەڵات\'\' لەلایەن بەشدارانەوە وتراوەتەوە و سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران مەحکووم کرا.
ئەو رێپێوانە لە شەقامی \'\'ئازێ جێ پلازا\'\'ی ئامەد بەڕێوەچوو کە زیاتر لە ٥٠٠ کەس بەشداریان تێدا کردبوو و پاشان گوڵتان کشاناک، سەرۆکی شارەوانیی ئامەد پەیامێکی بۆ پشتیوانیی خەڵکی ناڕازیی شاری مەهاباد پێشکەش کردووە.
لەو خۆپیشاندانە کە ماوەی کاتژمێرێک درێژەی کێشا بەشداران بە نێشانەی هاودەردی لەگەڵ خەڵکی شاری مەهاباد، دوو خولەک بیدەنگیان راگرتووە.

بەپێی داویین زانیارییەکان، هەنووکە شارەکانی کوردستان بە تەواوەتی میلیتاریزە کراون و هێڵی ئینتێرنێت و تەلەفوون لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان پچڕاوە.