کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئەنیستیتۆی سیاسەتی دەرەوەی نۆروێژ

22:23 - 26 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزب لەو سەردانێدا بۆ ئەنیستیتۆی دەرەوەی نۆروێژ باسی لە خۆپیشاندانەکانی شاری مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستانی رۆژهەڵات کرد ئەو خۆپیشاندانەی خەڵكی کوردستانی بەوە وەسف کرد کە خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات و ئێران توانای رووخاندنی رێژیمی ئێرانیان هەیە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەمە، رێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەردانێکدا بۆ (NUPI) ئەنیستیتۆی سیاسەتی دەرەوەی نوروێژ، لەم وڵاتە لەگەڵ سڤەرە لۆدگۆرد (Sverre Lodgaard) لێکۆڵەری پلەبەرزی ئەم ناوەندە و شارەزا لەسەر ئێران دیداری کرد.

خۆپێشاندانەکانی مەهاباد و هاوسۆزی و پشتیوانی شارەکانی دیکەی کوردستانی رۆژهەڵات سەرەتای باسەکان بوو و لەم بارەوە ئاماژە بەوە کرا کە خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان لە هەر دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی خۆیان لە زوڵم و زۆری رێژیمی ئاخوندی دەرببڕن.

10825.jpg
سڤەرە لۆدگۆرد (Sverre Lodgaard) لێکۆڵەری پلەبەرزی ئەم ناوەندە و شارەزا لەسەر ئێران

هەروەها لەم دیدارەدا باس لەوە کرا کە ژمارەیکی بەرچاو لە خۆپێشاندەران لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە بریندار و دەستبەسەر کراون.

نوێنەری حیزب لەو سەردانەدا لەسەر بارودۆخی کوردستان، نائارامییەکانی ناوچە و داهاتووی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەی کرد.

عەزیم ئەلیاسی باسی لەوە کرد کە خۆپێشاندانی شاری مەهاباد دەرخەری ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان و ئێران توانای ئەوەیان تێدایە کە ئەم رێژیمە برۆخێنن بەڵام چاوەروانی دەرفەتی گونجاوترن بۆ ئەوەی لە دژی رێژیمی ئاخوندی بێنە مەیدان.

ئەلیاسی لەسەر ئاڵۆزییەکانی ناوچە، باسی ئەوە کرد کە ئێستا ئێران بە کردەوە لە عێراق، سووریە، لوبنان و یەمەن لەسەر ئەرزی واقیع لە شەڕ دایە، ئەمەش جگە لە وڵاتانی دیکەی جیهان، زیاتر وڵاتانی کەنداو و تورکیەی نیگەران کردوە و بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە ئێران بکەوێتە بارودۆخێکی زۆر خراپتر لە ئێستا.

باس لەوەش کرا کە پێگەی کورد بە نیسبەت هاوینی ساڵی رابردوو لە جیهاندا بەهێزتر بوە و ئێستا هەولێر بە کردەوە بۆتە پێتەختی وڵات و جیگای هاتووچۆی نوێەرایەتی وڵاتانی جیهان.