کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دانمارک پشتیوانی لە شاری مەهاباد کرا

16:27 - 27 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مەهاباد و کوردستان لە شاری ئارهۆس لەلایەن کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکانەوە بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٥ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە هاوکاریی کۆمیتەی هێزە کوردستانییەکان خۆپیشاندانێک بە بەشداریی کوردانی دانیشتووی شارەکانی هۆرسنس و ئارهۆس بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مەهاباد بەڕێوەچوو.

لەم خۆپیشاندانەدا، خۆپیشاندەران لە بەردەم وێستگەی شەمەندەفەری شاری ئارهۆس هەتا بەردەم کلیسای گەورەی ئەو شارە رێپێوانیان کرد و بە وتنەوەی دروشم، کردەوەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان سەبارەت بە رووداوەکانی شاری مەهاباد و کوردستان مەحکووم كرد.

دروشمەکانی ئەو خۆپیشاندانە بە زمانی دانمارکی ئامادە کرابوو کە هێمایەک بوو بۆ بەرخۆدانی شاری مەهاباد و کوردستانی رۆژهەڵات و نەمان و مەرگ بۆ رێژیمی ئاخوندی.

پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان بە زمانی دانمارکی لەلایەن سەحەر حیسامی و بە زمانی کوردی لەلایەن فایەق ئەلیاسی خوێندرایەوە.

خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب کۆتایی پێهات.