کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی ئاوەڕۆ دانیشتوانی یەکێک لە گەڕەکەکانی سەردەشتی وەزاڵە هێناوە

22:32 - 28 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: دانیشتوانی گەڕەکی هەڵەبجە، یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سەردەشت سەرەڕای ٩ ساڵ بەدواداچوونی بەردەوام بۆ چارەسەریی سیستمی ئاوەڕۆ تا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی رێژیمەوە وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دانیشتوانی گەڕەکی هەلەبجەی شاری سەردەشت نیسبەت بە بێ‌سەرەوبەرەیی سیستمی ئاوەڕۆی ئەو گەڕەکە وەزاڵە هاتوونە و سەرەڕای بەدواداچوون، بەرپرسانی رێژیم هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەری ئەو کێشە نەگرتووەتە بەر.

یەکێک لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە لە وتووێژێکدا بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: ئاوەڕۆی ماڵەکانی ئەو کۆڵانە دەڕژێتە ناو کۆڵانەکە و بە هۆی سەرەولێژی کۆڵانەکە و رووبازبوونی ئاوەڕۆکە، بۆگەنێکی زۆر دروست دەکات و ئەوەش ناڕەزایەتیی دانێشتوانی ئەو گەڕەکەی لێکەتووتەوە.

ئەو هاووڵاتییە هەروەها رایگەیاند، ماوەی ٩ ساڵە کە هاووڵاتییانی ئەو گەڕەکە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە سەردانی ئیدارەی ئاو و فازلاوی ئەو شارە دەکەن، بەڵام بەرپرسانی ئەو ئیدارەیەی رێژیم تا ئێستا هێچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵنەگرتووە.

رووبازبوونی ئەو ئاوەڕۆیە بووەتە هۆی ئەوەیکە تەندروستی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە بکەوێتە مەترسییەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی بێهداشتی رێژیمی ئێران هەتا ئێستا چەندین جار سکاڵایان دژی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە تۆمار کردووە و پێیان راگەیاندوون بە تێچووی خۆیان ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.

ئەو داواکارییەی بەرپرسانی بێهداشتی رێژیم لە کاتێکدایە، بە وتەی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە کێشتەی ئەو ئاوەڕۆیە بە ٧٠ میتر لولە جێبەجێ دەبێت.

سەرەڕای ئەوەیکە شاری سەردەشت یەکێک لە شارە گەشتیاری و ئابوورییەکانی پارێزگای ئورمیەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری کێشەکانی ئەو شارە لەلایەن بەرپرسانی رێژیمەوە ئەنجام نەدراوە.