کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەبیرهێنانەوەیەک بۆ چەکدارانی خۆفرۆشی رێژیم (کاوە بەهرامی)

14:30 - 31 بانەمەڕ 2715

پاش کۆنگرەی چواردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا سکرتێری گشتیی ئەم حیزبە بابەتێکی بۆ لابردنی نێو و نۆتکەی جاش لەسەر خۆفرۆشانی رێژیم بە مەبەستی بەخۆداچوونەوە و دژایەتی نەکردن لەگەڵ خەباتی رەوای گەلی کورد بە فیتی کۆماری ئیسلامی، خستەڕوو.

10861.jpg
کاوە بەهرامی

زیاتر لە چوار ساڵ لەو دیمانە کەلە تیشک تی‌ڤی بڵاو بووەوە، تێ دەپەڕێ ئەوە کە جێی تێڕامانه ئەوەیە ئەو گەل فرۆشانە بە بێ ئەوەی ئاوڕێک لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بە تایبەت سەرکەوتنی کۆبانێ، باکوور و باشوور بدەنەوە، کۆنگرەیەک لە سنە دەبەستن و ناوی پێشمەرگه لەسەر خۆیان دادەنێن کەلە درێژەی باسەکە ئاماژەی پێ دەکەین، هەنووکە لەلایەن کەس و لایەنی دیکەوە بۆ جارێکی دیکە هاتووەتە ئاراوە، مەبەستی ئێمە تەنیا بۆ تێگەیاندنی چەکداران بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە خەیانەت و بە خۆداچوونەوەیەک بە نیسبەت گۆڕانکارییەکان هاتووە ئاراوە. ئەوە لە حاڵێک دایە زۆربەی ئەو خۆفرۆشانە دەستیان لە خەیانەت و خۆفرۆشی دژی گەلەکەیان هەڵنەگرتووە.

کارەسات لەوە دایە کە جاشیەتی لە هەلومەرجێکدا بڕاوەتە باڵای ئەو چەکدارانە کە زۆربەی خەڵکی کوردستان لەو سەردەمەدا نەخوێندەوار و دوور لە راگەیاندن و کەڵک وەرگرتن لە بیروبۆچوونی رای هەنووکەیی و گشتی بوون، ئەگەر لەو کات و ساتەدا بە لەبەر چاوگرتنی هەلومەرجی جیهانی و نەبوونی ئیمکانات بۆ لێک نزیکبوونەوە و تێگەیشتن، یان بەهۆی فەقری ماڵی و کەم بوونی ئاگاهیی سیاسی، رێژیمە دیکتاتۆرەکان بە مەبەستی گڵاوی خۆیان خەڵکیان‌دژی گەلەکەی خۆیان هان دەدا کە چەک هەڵگرن، لەلایەن شۆڕشگێڕانی ئەو سەردەمی خەباتی چەکدارییەوە، ناوی پڕ بە بەژن و باڵای جاشیان بەسەردا بڕاوە بەو مەبەستە وەکوو قەباحەتێک لەدژی خەڵکی خۆیان چەکدار نەبن و سیخوڕی نەکەن.

هەنووکە لە سەدەی بیست و یەکدا راگەیاندنی گشتی و دنیای مەجازی گەیشتووەتە رادەیەک کەلە چرکە ساتێکدا دەتوانین پێکەوە بۆ هەر مەبەستێک دیالۆگ بکەین و لەیەک ئاگادار ببینەوە. ئەوەندەی من لە بیرم بێ که‌لە گوندەکان کاری سیاسی و پێشمەرگایەتیمان جێ‌بەجێ دەکرد، زۆر بە‌کەمی لە گوندەکان خوێندەواری رادەی سەرەوە بەرچاو دەکەوت. هەموان ئاگادارن ئاستی خوێندەواری و خودئاگاهیی شار و گو‌ندەکان لە هەلومەرجی ئێستادا لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر لە یەک ئاستدا نەبێ نزیک بە یەکن، هەر بۆیە ئەرکی لاوانی وڵاتەکەمانە بەرچاوڕوونیی زیاتر بدەنە ئەو کەسانە کە بۆ مووچەیەکی کەم، دژی گەلەکەیان چەک هەڵدەگرن.

دۆزی کورد بە گشتی لە ئاستێکی باش دایە و حیزبە کوردییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات ئەرکدار دەبن بۆ ئەوی بەرچاوڕوونیی زیاتر بە نیسبەت چەکدارکردنی کوردانی رۆژهەڵات بە دەستی رێژیمی کۆماری ئیسلامی دژی گەلی کورد بۆ خەڵکی خۆیان بدەن و بۆ هەر چی زیاتر پەرەدانی دوژمنایەتی و براکوژی و دوورکەوتنەوە لە مافی نەتەوایەتی، شەڕی کورد بە کورد کردن، دوور بکەونەوە و بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان ریزەکانی شۆڕشگێران پتەو بکەن.

لە هەلومەرجی هەنووکەییدا کە ناوچە لە گۆڕانکاری دایە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خۆ دەربازکردن لەو قەیرانە، لە هەوڵی دانوستانی ناوکی لەگەڵ وڵاتانی 1+5 دایه.

لە بەرژەوەندیی ئەو رێژیمە دایە بۆ گەیشتن بە ئامانجە تیرۆریستییەکانی و پاڵپشتیی ئەو دار و دەستانە کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ناوکی لە قەیرانی نێوخۆیی خۆی رزگار بکا، لەگەڵ ئەوەش بەو سیستمە کارییە کە رێژیم لە نێوخۆ پێڕەوی دەکا لە شوێنه شاراوەکاندا درێژە بە بەرنامه ناوکییە‌کەی ئەدا، هەر لەو کاتەدا بە خۆ سەرقاڵ کردن بەناوی بەشداری له شەڕی داعش، به دەستێوەردان لە وڵاتانی عەرەبیی وەکوو یەمەن، سووریە و عێراق، دەیهەوێ سەرنجی خەڵکی ئێران بۆ بەلاڕیدا بردنی وەزعی نالەباری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی نێوخۆیی‌یەکانی بۆ لای خۆی راکێشێ و بەو چەواشەکارییە، خۆی بە هێزێکی سەرەکیی ناوچەکە لە قەڵەم بدا.

ئەم دوایی‌یانەی مەهاباد و هەروەها مانگرتنی مامۆستایان دەری خست کە خەڵکی کوردستان و بە حیزبەکان دەڵێ ئەگەر هێز و پوتانسیلتان هەیە و لە بواری رێکخستنی سیاسی و تەشکیلاتی ناتوانن پێکەوە بن، لانی‌کەم باڵی نیزامی بۆ هەر چەشنە ئەگەرێک پێکەوە گرێ بدەن و هێزەکانی خۆتان بۆ ساتە وەختە هەستیارەکان ئامادە ‌بکەن و لە کۆبانێ و شوێنەکانی دیکەی کوردستان دەرس وەرگرن.

گەلی کورد لە کوردستانی ئێران چاوەڕوانی سەرهەڵدانێکە بۆ خۆ دەربازکردن لە رێژیمی پەت و سێداره و دەست پێ کردنی خەباتێکی لێ بڕاوانە بە هەموو جۆرەکانییەوە‌و هەر ئەوەندە قوربانی لێ دەکەوێتەوە کە رۆژانه لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دەدرێن.

لەم رۆژانەدا سیناریۆی کۆماری ئیسلامی بۆ چەکدارکردنی خەڵکی کوردستان بەناوی پێشمەرگەی کورد و سازدانی کۆنفڕانس و داتاشینی پەیکەر بۆ نیشتمان فرۆشانی بەناوی پەیکەری پێشمەرگەی کورد، تەنیا و تەنیا لە راستای ئەوە مەترسییانە دایە کە هەنووکە، گۆڕانکارییەکانی ناوچە سەبارەت بە گەلی کورد هەژاندووه و‌لە ئارا دایە کە هەرێمی کوردوستان وەک فاکتەرێکی بەهێز و دیمەنێکی شۆڕشگێڕی دێموکراتیک خۆی پیشان داوە و قابلیەتی هێزی پێشمەرگە لە بەرانبەر شەڕی داعشدا ئاستێکی زۆر بەرزی لە خۆ نیشان داوە و ئاسۆی کورد بەرەو لووتکە روون دەردەکەوێ سەربەخۆیی نزیکە، هەر بۆیە دەر و جیران به ‌تایبەت کۆماری ئیسلامی لە نیگەرانیی تەواو دایە هاتنی پاسداران بۆ کوردستان لە کەرکووک بۆ بەرگری لە داعش نییە، دەیهەوێ وەکوو پارسەنگێک دژی کورد لە داهاتووی کوردستان بۆ کارئاسانی شیعەکان لە ناوچەدا ئاژاوەگێڕی بکا.

هەر بۆیە هیوادارین لاوان، دایکان و باوکانی کورد بیر لەوە بکەنەوە کەله دەم و‌دەزگایەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی نزیک نەبنەوه. لەبەر ئەوە کاربەدەستانی ئەو رێژیمە دەیان هۆی وەک چەکدار و سیخوڕ بۆ مەرامی گڵاوی خۆیان دژی شۆڕشگێڕان بە کاریان بێنن، هەر بۆیە بۆ دیارکردنی هەر کارێک بۆ لاوانی کوردستان مەرجی هاوکاری و سیخوڕی دەخەنە روو. بەسیج بوون وەک کارتێکی سەرەکی بەکار دێنن کە ئەویش جاشیەتییە.

بۆ پێشەوە بەرەو رزگاریی کوردستان

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە