کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، یادی شەهیدانی میکۆنووسی بەرز نرخاند

15:29 - 2 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستە گوڵی لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی برلین دانا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٣١ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاوڕێ لەگەڵ شاندێکی یاوەری، سەردانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی میکۆنووسی لە برلین پایتەختی وڵاتی ئاڵمان کرد.

مستەفا هیجری لە سەردانێکدا بۆ بەردەم رێستۆرانی میکۆنووس، دەستەی گوڵی رێز و وەفای لەسەر مۆنۆمێنتی ئەو شەهیدە سەربەرزانە دانا و یاد و رێبازی شەهیدانی حیزبی دێموکرات و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستانی بەرز نرخاند.

رێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی، دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، فەتاح عەبدولی نوێنەری حیزب لە ئورووپا و هومایۆن ئەردەڵان نوێنەری حیزب لە ئاڵمان وێڕای دوکتور نووری دێهکوردی دۆستی حیزب، لە کردەوەیەکی تێرۆریستی بە دەستی نێردراوەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران شەهید کران و گیانی پاکی خۆیان لە پێناو گەلی کورد و ئامانجە رەواکانی بەخت کرد.