کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیاندراوی کۆمیتەی هاوکاریی \"هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان\" لەبارەی شەهیدکرانی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات

16:38 - 4 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان ــ ستۆکهۆڵم، هێرشی گەریلاکانی پ.ک.ک بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مەحکووم‌دەکات و سەبارەت بە شەهیدکرانی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات بە دەستی هێزەکانی پ.ک.ک راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیاندراوەکە بەم چەشنەیە:

بەپێی هەواڵەکان سەرلە بەیانیی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، گەریلاکانی سەربە پارتی کرێکارانی کوردستان هێرش دەکەنە سەر کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی خنێرە و کێلەشین و بە داخەوە پێشمەرگەیەکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران شەهید دەبێ.

ئەم تێکهەڵچوونە پاش ئەوە دەبێت کە کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی چالاکی لەو ناوچەیە جێگیر دەبن کە دوای چەند رۆژ لەلایەن گەریلاکانی P.K.Kوە داوایان لێ دەکرێت ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن و پێویستە هەر چەشنە جموجۆڵێک بە پرس و ئیجازەی P.K.K بێت و بۆ سەپاندنی داواکارییەکەیان ئەو هێزە گەمارۆ دەدەن و هەروەک لە هەواڵەکاندا هاتووە گەریلاکانی P.K.K هێرش دەکەنە سەریان و بەداخەوە پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات شەهید دەبێ و چەند کەسێکی دیکەش بریندار دەبن.

لەو پێوەندییەدا کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان وێڕای مەحکووم کردنی هێرشی گەریلاکانی P.K.K بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چالاکی و هەڵسووڕان لەسەر خاکی کوردستانی رۆژهەڵات بە مافی رەوا و بێ ئەملاوئەولای حیزبەکانی رۆژهەڵات دەزانێت.

هەڵگیرسانی شەڕی براکوژی و کورد کوژی بە دەستی کورد، پیلان و هەوڵی شوومی لە مێژینەی دوژمنانی کورد بووە و پێویستە بە زووترین کات ئەم تێکهەڵچوونە ناڕەوایە بە هەوڵی دۆستانی هەر دوو لایەن و لە رێگەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێت.

کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی لەگەڵ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵەی شەهیدی ئەم رووداوە نەخوازراوە، هیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتر بۆ بریندارەکانیش دەخوازێت.

کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان ــ ستۆکهۆڵم
٢٤ی مای ٢٠١٥ی زایینی
٣ی جۆزەردانی ٢٧١٥ی کوردی