کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی خوێندکاران و چالاکانی کورد لەهەمبەر هێرشی پ‌ک‌ک بۆسەر پێشمەرگەی حدکا

17:22 - 4 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: خوێندکارانی زانینگەی پەیام نووری مەریوان و ژمارەیەک چالاکی نێوخۆی کوردستان لە شارەکانی سنە و رەبەت، هێرشی پارتی کرێکارانی کوردستانیان بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، پاش هێرشی هێزەکانی پ‌ک‌ک بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە رێکەوتی ٣ی جۆزەردان و شەهیدبوونی یەک پێشمەرگە و برینداربوونی سێ پێشمەرگەی دیکەی ئەو حیزبە، چالاکانی و خوێندکارانی کورد لە نێوخۆی کوردستانی رۆژهەڵات وێڕای پاڵپشتی لە حیزبی دێموکرات، هێرشی هێزەکانی پەکەکەیان مەحکووم کرد.

لەو پێوەندییەدا کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانینگەی پەیام نووری مەریوان بەبۆنەی هێرشەکەی پەکەکە بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:
لەم هەلومەرجە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە کوردستان و بەگشتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤیندا پێک هاتووە و ئەو گۆڕانانەی کە دەبینرێ و پێشبینی دەکرێ دۆخی کورد بەرەو گۆڕانی جیددی بێت و لە قۆناخگەلی هەستیار دایە؛ بۆیە ماڵی کورد لە هەر چوار بەشە گەورەکەی کوردستان، زۆرتر پێویستی بە یەکڕیزی و تەعامولی لایەنەکان پێکەوە هەیە.

رۆژهەڵاتی کوردستان لەم چەن ساڵەدا بە بەراورد لەگەڵ پارچەکانی دیکە هەتا رادەیەک خۆی لە بێدەنگیدا راگرتووە. بۆیە حیزبە رۆژهەڵاتییەکانی کوردستان لەم دۆخەدا، بە پێویستییان زانی بە شێوەیەکی جیددی‌تر بکەونە هەوڵی دەست پێ کردنەوەی چالاکییەکانیان بۆ پشتیوانی لە مافە رەواکانی گەلی کورد بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان؛ هەروەها لەم ماوەیەشدا خۆیان لە هەرجۆرە دەستێوەردانێکی نابەجێ لە چالاکی حیزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان پاراستووە؛ بەڵام ئەو رووداوەی کە گەریلاکانی پ‌ک‌ک بە شەهیدکردنی یەک پێشمەرگەی ئەندامی یەکێک لە حیزبە رۆژهەڵاتییەکان و دژ وێساندنەوە بەرانبەر بە خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵگریساندەوەی دیسانەوەی براکوژی و خۆکوژی خولقاندیان، دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستانە؛ بۆیە ئێمە وەک خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان، لە ئاوەها هەلومەرجێکدا، ئەو کارەی پ‌ک‌ک مەحکووم دەکەین؛ ئەو کارە قیزەونە لەبەر چاوی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگری هیچ جۆرە پاساوێک نییە و دواتر دەبێ پ‌ک‌ک وڵامدەری گەل و مێژوو بێت؛ هەروەها لە خوشک و براکانمان لە ناو ریزەکانی گەریلا داواکارین دەست نەدەنە ئەو کارەساتە مێژوویی‌یە و خۆ ببوێرن و هاندەری خوشک و برا پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بن بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی گەلی کورد.

کۆمەڵێک خوێندکارانی پەیام نووری مەریوان
٣/٣/١٣٩٤

لەلایەکی دیکەشەوە کۆمەڵێک لە چالاکانی شاری سنە ئامادەیی خۆیان بۆ پشتیوانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران دەربڕیوە.

چالاکانی شاری سنە رایانگەیاندووە: ئەمڕۆ کە پارتی کرێکارانی کوردستان خۆی بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانێ و حیزبەکانی دیکە پێشینەی خەباتیان زۆر لەو زیاترە، دەیهەوێ فەرمانی بەجێ‌هێشتنی بەشێک لە خاکی کوردستانیان بەسەردا بسەپێنێ و ئەمەش یەکەم جار نییە کە پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستێوەردان دەکات و لەنێو بەشێکی کوردستاندا کانتۆنێکی دامەزراندووە.

پێکهێنانی دەوڵەتێکی دیکەی موازی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەو نێو ئەو دەوڵەتەدا و گوێنەدان بە سەروەریی هەرێمی کوردستان، زەینمان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەبات کە هاوپەیمانییان لەگەڵ رێژیمی ئیسلامی، نەک گومان نییە بگرە راستییە.

لەو راگەیەنراوەدا هاتووە: جەنگی لەفزی و فیزیکی لە ناوچەکانی کوردستان و ماڵپەڕ هەواڵییەکان دژی ئێران زیاتر لە شەڕی زێڕینگەران نییە و وشەی دێموکراتیک لە ئەساسنامە و رێبەرانیدا شتێکی پڕ و پووچە.

هەروەها چالاکانی کورد لە شاری رەبەت لە نامەیەکدا پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران راگەیاندووە و کردەوەی هێزەکانی پ‌ک‌ک لە چوارچێوەی \'\'خەیانەت\'\'دا لە قەڵەم دەدەن و ئامادەیی خۆیان لە بەرگری و پاراستنی سەروەریی خاکی نیشتمان دەربڕیوە.