کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧ گەریلا لەلایەن پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتەوە ئازاد کران

01:14 - 6 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: ٧ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی ژێر کۆنترۆڵی حیزبی دێموکرات لە کێلەشین ئازاد کران.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، یەکێک لە هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جێگیر لە ناوچەی کێلەشین، ٧ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستانی لەو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا ئازاد کرد.

فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەو ٧ گەریلای پ‌ک‌ک چەکدار بوون و هەر بە چەکەکانیانەوە ئازاد کراون.

هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاش هێرشی یەکلایەنەی گەریلاکانی پ‌ک‌ک لە ناوچەی کێلەشین، بۆ بەرگری کردن لە خۆیان، لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواو دان.

فەرماندەریی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێرای ئاماژە بە بەردەوام بوون و نەکشانەوەیان لە سنوورەکانی کوردستان، بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'بەشێکی زۆر لە ناوچە سنوورییەکانی شنۆ و پیرانشار لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزەکانی ئێمە دان\'\'.

لە هێرشی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهید و ٣ی دیکەش بریندار بوون.

هێرشی گەریلای پ‌ک‌ک بۆسەر پێشمەرگەی دێموکرات لەلایەن هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستانەوە بە شەڕی براکوژی لە قەڵەم درا و بە توندی مەحکووم کرا.

خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتە و لایەنەکانییەوە بە خێرایی، خوازیاری راگیرانی ئەو بارگرژییەن کە لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە لە ناوچەی کێلەشین هاتووەتە ئاراوە.

پاش هێرشی هێزەکانی پ‌ک‌ک بۆسەر پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات لە ناوچەی کێلەشین، هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە درا و پاش نێوبژیوانیی چەندین لایەن و دەزگای حکوومیی هەرێمی کوردستان، هەر دوو لایەنی حیزبی دێموکرات و پ‌ک‌ک ئامادەیی خۆیان بۆ دانیشتێک لە پارلمان لەمەڕ رەوینەوە بارگرژییەکان نیشان دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕەکانی باشووری کوردستان، شاندی دانووستانکاری حیزبی دێموکرات لە پارلمانی کوردستان ئامادە بووە، بەڵام شاندی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شوێن و کاتیی دیاریکراوی کۆبوونەوەکە ئامادە نەبوون.