کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی کورد چواردە ساڵ حوکمی زیندانیان بۆ بڕایەوە

16:52 - 12 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: دوو هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری تاران کەلە رێپێوانی پشتیوانی لە کۆبانێ بەشدارییان کردبوو و لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، بە ١٤ ساڵ زیندان حوکم دران.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، \'\'ئاسۆ رۆستەمی و عەلی نوری\'\' لە چالاکانی مافی منداڵان کەلە کۆبوونەوەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ، لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، پاش ماوەیەک لە دەستبەسەری لە یەکەم دادگایی‌کردانیاندا بە ١٤ ساڵ زیندانی مەحکووم کران.

ئاسۆ رۆستەمی تەمەن ٢٨ ساڵ، شاعیر و مامۆستای قوتابخانە و چالاکی مافی منداڵان، لە رێکەوتی ١٦ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ کەلە بەردەم دەفتەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاران بەڕێوە چوو، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و ٧ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.

هەروەها، عەلی نوری خوێندکاری رشتەی میعماریت زانکۆی پەرەندی تاران و چالاکی مافی منداڵان، لە کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی تاران کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە مەبەستی پشتیوانی لە کۆبانێ بەڕێوەچوو، لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و دوای دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە ٧ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا.