کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رەهەندەکانی کێلەشین و هەڵکشانی خۆرهەڵاتی کوردستان

21:25 - 12 جۆزەردان 2715

مامەند رۆژە

گەر ئەم بارگرژییەی نێوان پەکەکە و هێزەکانی رۆژهەڵات درێژە بکێشێت، دەبێتە بابەتێکی سەرنجڕاکێشی دەزگا هەواڵگرییەکانی دراوسێکان

لە رۆژانی رابردوودا لە چیاکانی کێلەشین و بەربزنان گرژی و تێکهەڵچونێکی چەکداری لە نێوان گەریلاکانی (ه.پ.گ) و پێشمەرگەکانی (حدکا) رووی دا، کە تێیدا پێشمەرگەیەک گیانی لە دەست دا. ئەم بارگرژییە لەگەڵ ئەوەی هێشتا لایەنەکان سەنگەریان لەیەک گرتووە، بەڵام بە کۆبونەوەیەکی هاوبەش، بەناوبژیوانیی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم تا رادەیەک خاوبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی تێبینی پسپۆڕان ئەم پرسە هەروا پرسێکی ئاسایی نییە و پێدەچێ لە ئایندەیەکی نزیکدا گەلێک لق و پۆپی دیکەیشی لێ بکەوێتەوە.

لێرەوە کۆمەڵێک پرسیار هەڵدەتۆقن: گەلۆ ئەم جووڵانەی هێزەکانی خۆرهەڵات چی هەڵدەگرێت؟ ئایا ئەمە سەرەتای وەرزێکی نوێی خەباتە؟ یاخود دیاردەیەکی کاتییە؟ ئایا وەک (ک.ج.ک) ئیدیعای دەکات، ئەم جووڵانە بۆ پەکخستنی هەڵبژاردنەکانی باکوور و سەرکەوتنەکانی خۆرئاوایە؟ یاخود ئایا وەکوو هێزەکانی خۆرهەڵات دەیڵێن: ئەمە پیلانێکی هاوبەشی هەواڵگریی ئێران و (ک.ج.ک)یە بۆ ئەوەی نەهێڵن بزووتنەوەی خۆرهەڵات هەڵبکشێت؟ لەگەڵ ئەمانەشدا ئەگەر ئەو گریمانەیە راست بێت، کە ئەمە سەرەتای وەزرێکی نوێی خەباتی خۆرهەڵاتی کوردستان بێت، ئایا رەهەندەکان، فاکتەرەکان و سیناریۆکانی ئایندەی چین؟

پیلانگێڕی: دەزگاکانی هەواڵگری
هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان پەیتاپەیتا ئەو تۆمەتە زەق دەکەنەوە کەوا (ک.ج.ک) دەیەوێ پەیمانەکەی لەگەڵ ئێران بەرێتە سەر و سنوورەکانی بۆ بپارێزێت. بۆیە ناهێڵێ هێزەکانی خۆرهەڵات بگەڕێنەوە ناو قوڵایی خۆرهەڵاتی کوردستان. هەروەها لە رووی بەڵگەنامەکانەوە ئاماژە بەو پەیمانە دەکەن، کەلە ساڵی ٢٠١١ لە نێوان هەر دوو لایەن و بە ناوبژیوانیی سەرکردەکانی باشووری کوردستان واژۆ کراوە. ئەم رێککەوتنە بە رێککەوتنی جاسووسان دەناسرێت. هەروەها ئیدیعای ئەوە دەکەن (ک.ج.ک) دوای ئەو رێککەوتنە هەموو جموجۆڵێکی خۆی و پەژاکیشی راگرتووە. لەگەڵ ئەمەشدا بەم دوایییانە ئەو کاتەی لە مەهاباد خۆپیشاندانەکان دەستی پێکرد، ئەوە (ک.ج.ک) لەبەر هەر چ هۆکارێک بووبێ، نەیتوانی ئەو دەنگە دەربخات کە پێویستە. لەبەر ئەمە گۆڕەپانەکە سەرلەنوێ لە کاتی خۆپیشاندانەکانی رووداوەکەی فەرینازدا کەوتەوە دەست هێزە رەسەنەکانی ئەم بەشەی کوردستان.

لەلای تریشەوە (ک.ج.ک) وەک هەمیشە، هەرچییەک و هەر کارێکی بەدڵ نەبێ، ئەوە دەمودەست دەیخاتە ئەستۆی شەیتان واتە میت. بۆیە ئەم جارەیش ئەو تۆمەتەی بەرجەستەکردەوە کە (حدکا) بەهەماهەنگی لەگەڵ (پ.د.ک) و تورکیە دەیەوێ بە دروستکردنی بابەتی لابەلا کێشە بۆ هەڵبژاردنەکانی باکووری کوردستان بنێتەوە. بۆیە پەیتاپەیتا ئەو پرسیارە زەق دەکاتەوە، کە بۆچی لەم کاتەدا (حدکا) دەیەوێ لە خۆرهەڵاتی کوردستان دەست بە چالاکیی سەربازی بکاتەوە؟ بەڵام بەگوێرەی بۆچوونی پسپۆڕان، ئاستەمە زووبەزوو ئەم مەسەلەیە بە تیۆری پیلانێگرێ و دەستی دەرەکی لێک بدرێتەوە. بۆیە پشکی زۆری پرسەکە بۆ گرفتە ناوخۆیییەکانی هێزە کوردییەکان دەگەڕێتەوە. هەڵبەت هەموان لەو بڕوایە دان، ئەگەر بێت و ئەم بابەتە زۆر درێژە بکێشێ، ئەوە دوور نییە ببێتە بابەتی سەرنجڕاکێش بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی هاوسێکان.

دێموکرات: دەگەڕێتەوە ناو هاوکێشەکە!
لە هەشتاکانی سەدەی پێشوودا هاوکێشەیەکی چوارینە لە کوردستان هەبوو: لە باشوور (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) دوو هێزی سەرەکی بوون. لە خۆرهەڵات دێموکرات هێزی سەرەکی بوو و لە باکووریش (پ.ک.ک) هێزی سەرەکی بوو. بەڵام لە نەوەدەکانی سەدەی پێشوەوە، دوای ئەوەی رێبەرانی (حدکا) شەهید بوون و هێزەکەی پاشەکشەی کرد، ئەوسا ئەم هاوکێشە چوارینەیە بوو بە هاوکێشەیەکی سیانی واتە (پ.د.ک) و (ی.ن.ک) و (پ.ک.ک). ئێستا دوابەدوای ئەم تەنگەژە نوێیە هەندێک لە شرۆڤەکاران ئەو پرسیارەیان لا دروست بووە، گەلۆ ئەمە دەبێتە دیاردەیەکی جیۆسیاسی نوێ؟ گەلۆ ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی دووبارە (حدکا) بگەڕێتەوە ناو هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی کوردستان و ناوچەکە؟

ئەمە تا رادەیەک پێویستیی بە کات هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێ ئەنجامێکی پێویستی لێ وەربگرێت. لەگەڵ ئەمەشدا خۆرهەڵات وەکوو خۆرئاوا نییە و پسپۆڕان دەڵێن بەهیچ شێوەیەک سیناریۆکانی خۆرئاوا لە خۆرهەڵات دووبارە نابنەوە و (ک.ج.ک) ناتوانێ ئەوەی لە خۆرئاوا بەسەر بارودۆخەکەیدا سەپاندووە، بەسەر خۆرهەڵاتیشیدا بیسەپێنێت. هۆکاریشی ئەوەیە لە خۆرهەڵات چەند هێزێکی رەسەن هەن و ئەزموون و میراتێکی چەکداری و شۆڕشگێڕانەیان هەیە، کە ئەمە لەلای هێزەکانی خۆرئاوا نەبووە. هەروەها سەرمایەیەکی دەوڵەمەندی جەنگی پارتیزانی و پێشمەرگانەیان هەیە کە هەر کات پێویست بکات ئەم سەرمایەیە دەکەوێتەوە جووڵە. لەلایەکیتریش هەر دوو هێزە سەرەکییەکەی خۆرهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ١٠ هەزار شەهیدیان هەیە، ئەمە بێلەوەی لە ماوەی ١٦ ساڵی شەڕی پێشمەرگانەیاندا ٥٠ هەزار هاووڵاتیی خۆرهەڵاتی کوردستان گیانیان لە دەست داوە، زیاتر لە ١٤ هەزار هاووڵاتی بەهۆی دێموکرات و کۆمەڵەوە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە لە زیندانەکان حوکم دراون. زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەرباز و پاسداری ئێرانی لە جەنگی کوردستاندا کوژراون. لەبەر ئەمە زاکیرەی جەنگی کوردستان کۆن نییە و دێموکرات و کۆمەڵە میراتێکی دەوڵەمەندی جەماوەری و پێشمەرگانەیان لەو بەشەی کوردستان هەیە. ئەم میراتەیش نەمردووە، بەڵکوو خەوتووە و لەگەڵ بچووکترین تەنگەژە یەکسەر سەرهەڵدەداتەوە. جگە لەوەش دێموکرات لە دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٩ گەڕایەوە خۆرهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ کۆمەڵە سێ پارێزگای کوردستانیان بەدەستەوە بووە و بۆ ماوەی دوو ساڵ حوکمیان تێدا کرد. لە یەکەم هەڵبژاردنی پارلمانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دێموکرات زۆربەی رەهای دەنگەکانی هاووڵاتییانی کوردستانی بۆخۆی تۆمارکرد. هەروەها بۆ هەڵبژاردنی مەجلیسی خیبرەگانی رێبەریی ئێران کە چەند کەسن، لە ناوچە کوردنشینەکان د.قاسملو زۆربەی دەنگەکانی بەدەست هێنا، کە خومەینی دوایی ئەمەی هەڵوەشاندەوە.

ئەمانە هەمووی ئەو راستییە دەردەخەن، کە هێزەکانی خۆرهەڵات لە خۆرئاوا جیاوازن. خۆرهەڵات میراتی پیشمەرگانەی هەیە، دەیان هەزار شەهید و پێشمەرگە و زیندانی هەیە و خاوەن سیمبولەکانی خۆیەتی. لەبەر ئەمە سیناریۆی خۆرئاوا لەو بەشە دووبارە نابێتەوە و گەلێک ئاستەمە (ک.ج.ک) بتوانێ لە رێی پەژاک و کۆدارەوە لەو بەشەی کوردستان ببێتە بەدیلی هێزە رەسەنەکانی. پسپۆڕانی بۆ ئەم بەشەی کوردستان پێیان وایە ئەگەر سیناریۆیەک لە خۆرهەڵات دووبارە ببێتەوە، ئەوە سیناریۆی باشووری کوردستانە نەک سیناریۆی باکوور یاخود خۆرئاوای کوردستان. چونکە خۆرهەڵات لە هەموو روویەکییەوە لە باشوور دەچێ نەک لە باکوور و خۆرئاوا.

پرسە سەرەکییەکە: ئەمە شەڕی سەروەرییە
رەنگبێ بەشەیتانکردنی جووڵانی هێزەکانی خۆرهەڵات لەلایەن (ک.ج.ک) یەکێک لەو بابەتانە بێ کە پێویست دەکات هەڵوەستەی لەسەر بکرێت. بەستنەوەی مەسەلەی جووڵەی هێزەکانی پێشمەرگەی خۆرهەڵاتی کوردستان بەرەو چیاکانی قەندیل و کێلەشین بە میت، زۆرتر لە کۆمیدیا دەچێ هەتاوەکو راستی. بەستنەوەی ئەم پرسە بە ئیتلاعات یاخود میت هێشتا رەهەندی واقیعیی خۆیان نیشان نەداوە. بەڵام دوور نییە ئەگەر هێزەکانی باکوور و هێزەکانی خۆرهەڵات ئەم کێشەیە لە نێوان خۆیاندا چارەسەر نەکەن، ئەوا ئەگەری زۆر ئەوەیە هەم ئیتلاعات و هەم میتیش ئەم پرسە بقۆزنەوە. واتە ئەم پرسە بۆ دەستێوەردان کراوەیە.

جارێ ئەگەر بێت و هەر چ جووڵەیەکی هێزەکانی بەشەکانیتری کوردستان بەکاری میت لەقەڵەم بدرێ، ئەوە پرسەکە گەلێک شتی بابەتی لەخۆ ناگرێت. هۆیەکەیشی ئەوەیە بزووتنەوەی باکوور بەتایبەت (ک.ج.ک) خۆی لەرێی بەرێز (ئۆجەلان)ەوە بەردەوام لەگەڵ میت دانووستانیان هەیە و ئەمەش شتێکی ناڕەوا نییە و بۆ چارەسەرکردنی پرسی رەوای کورد لە باکووری کوردستان پێویستە. بەڕێز ئۆجەلان بۆخۆی راستەوخۆ مانگانە لەگەڵ (هاکان فیدان)ی راوێژکاری میت دانیشتنی هەیە و پرۆسەی چارەسەریی دێموکراتی (کورد) لە باکووری کوردستان بەم گفتوگۆیانەوە بەستراوەتەوە. ئەمەش شتێکی باشە و ئەگەری ئەوەی لێ دەکرێ دەسکەوتی گەورەی لێ بەرهەم بهێنرێت. تەنانەت لە رۆژی ٢٧ شوباتی ئەمساڵدا (بولەنت ئارینج) وتەبێژی حکوومەت و یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی تورکیە رایگەیاند (ه.د.پ) بە هەماهەنگیی ئۆجەلان و هاکان فیدان پێکەوەنراوە بۆ ئەوەی پرسی کورد بە تورکیایی بکرێ و ببێتە زەمینەیەکی واقیعی بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە.

لە لایەکیتریشەوە سەرکردەکانی تەڤدەم لە خۆرئاوای کوردستان بەردەوام سەردانی تورکیە دەکەن و لەگەڵ بەرپرسەکان کۆ دەبنەوە. تەنانەت لەوێ ڤیزەی وڵاتان وەردەگرن و لەوێشەوە سەردانی دەرەوە دەکەن. بەرپرسیاری کانتۆنەکانیش بەردەوام سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن و دەروازە سنوورییەکان کراونەتەوە. لەوە واوەتریش زیاتر لە ١٤٠٠ برینداری (ی.پ.گ) لە خۆرئاوای کوردستانەوە گوێزراونەتەوە بۆ تورکیە و لەوێ دەرمان کراون. ئەمە لەکاتێک دایە بەشێکی زۆر لەم هەڤاڵانە پێشتر لە چیاکانی باکووری کوردستان گەریلا بوون. جا مەبەست لە پرسەکە ئەوەیە کاتێک بزووتنەوەی باکوور بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بۆخۆی راستەوخۆ لەگەڵ میت گفتوگۆی هەیە (کە کارێکی پێویستیشە بۆ چارەسەری پرسەکە)، رەنگبێ زۆر راست نەبێ کێشەی نێوان خۆی و هێزەکانی پارچەکانی تری وڵات بە کاری میت ببەستێتەوە.

ئەنجام:
لێرە دەبێ بپرسین: باشە ئەگەر وایە هۆکاری سەرەکیی ئەم کێشەیە چییە؟ هۆکاری سەرەکیی ئەمە پرسی سەروەرییە. سەروەریی ئایندەی خۆرهەڵاتی کوردستان. واتە ئەگەری زۆر ئەوەیە کە (ک.ج.ک) زۆر کەیفی بەوە نەیەت هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان زیندوو ببنەوە و بگەڕێنەوە ناو خۆرهەڵاتی کوردستان. ئەگەر ئەمە بێـتە کایەوە، ئەوە ئەو بەدیلەی (ک.ج.ک) بۆ خۆرهەڵاتی کوردستانی دروست کردووە و ناوی لێ ناوە پەژاک و کۆدار، ناتوانن بەسەر چارەنوسی ئەو بەشەی کوردستاندا زاڵ ببن. لەبەر ئەمە گەلێک ئارەزووی ئەوە ناخوازن هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان زووبەزوو لە نەریتی کەمپنشینی رزگاریان ببێت.

بۆیە هەتا پێی بکرێ کێشە و گرفت بۆ ئەو هێزانە دەنێتەوە. بەڵام ئەقڵی سەلیم حوکم دەکات، کە هێزە کوردستانییەکان کەڵک لە وانەکان و ئەزموونی مێژوویی خۆیان وەربگرن. ئەگەر نا چ کێشەیەکی تێدایە ئەگەر بەراستی هێزەکانی باکوور بەتەنگ یەکیەتیی نەتەوەیییەوەن، هێزەکانی پێشمەرگەی خۆرهەڵاتی کوردستانیش لەپەنای خۆیان لە چیاکانی قەندیل بحەوێننەوە؟ بۆ ئەمە نەریتی پاوەنگەرایی دەناسرێتەوە و لەلای رای گشتیش مەحکوومە. نەریتی باشتر ئەوەی باشووری کوردستانە. هەر لەو شاخانەی قەندیل هەمیشە چوار پێنج هێز بەپەنای یەکەوە خەباتیان کردووە. هەر ئێستاش خودی (ک.ج.ک) هێزی رەوانەی شەنگال کردووە و لە کەرکووکیش لە پەنای هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان (کە هی پارتی، یەکیەتی و سوسیالیست و گشت هێزەکانیتریشی تێدایە) لە دژی داعش دەجەنگێت.

باشە کاتێک (ک.ج.ک) لە باشووری کوردستان ئاوا لەنێو بەرەیەکی هاوبەشدا دەجەنگێ و پرسی بەکەسیش نەکردووە و بەر هەقەیشە، ئەی ئەمە بۆ هێزەکانی خۆرهەڵات بەرەوا نابینێت؟ خۆ هێزەکانی خۆرهەڵات هەر لە یەکەم رۆژەکانی هێرشی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان دەستبەجێ هێزیان رەوانەی بەرەکانی جەنگ کرد و قوربانشیان دا، بەڵام بەهۆی دەستوەردانی ئێرانەوە بۆ هەموو هێزێک دەرگا کرایەوە تەنیا دیموکرات و کۆمەڵە نەبێت! تەنانەت ئێران حەساسیەتیشی بە پەژاک نەبوو لە کەرکوک بەشداری بەرەکانی جەنگ ببێت. بەڵام ئێستا (ک.ج.ک) لەگەڵ ئەوەی خۆی لە باشوور لەبەرەی رەوای جەنگی بەرگریی کوردستان دایە و ئەمەش کارێکی بەرزی نیشتمانییە، هەق وایە چیتر پێش بە جموجۆڵی هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان نەگرێ و رێگەیان پێبدا و تەنانەت هاوکاریشیان بکات.


ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە