کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد

19:11 - 28 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی جەڵتەی مێشک لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، حەسەن ئەسکەندەری ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی جەڵتەی مێشک رێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.
حەسەن ئەسکەندەری کوڕی \'\'حاجی عەلی زەمان\'\' ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی لە شاری سەرپێڵ زەهاو لە دایک بووە، ناوبراو دیپلۆمی ئەدەبیی لە شاری سەرپێڵ وەرگرتووە و لە رێپێوانەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ لە شاری سەرپێڵ زەهاو بەشداریی چالاکانەی هەبووە.

7497.jpg
حەسەن ئەسکەندەری

ساڵی ١٣٦٢ بووەتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە هێزی داڵاهۆ سازمان دراوە و پاش ماوەیەک بەهۆی لێهاتوویی و لێوەشاوەیی بووە بە کادر و وەکوو بەرپرسی بەشی موخابراتی هیزی داڵاهۆ ئەرکی پێ سپێردراوە.
ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە شاری فەلووجە نیشتەجێ و پاشان لە ئوردووگای رۆمادی گیرساوەتەوە و پاش رووخانی رێژیمی سەددام لە کەمپی کاوە سەربە پارێزگای هەولێری هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە.
حەسەن ئەسکەندەری شەوی ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی بۆ شاری کەلار راگوێزرا و لە نێو ئاپۆڕای هاوسەنگەرانیدا بە خاک سپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی لە خزم و کەس و کاری کاک حەسەن دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.

رۆحی شاد