کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەئموورێکی رێژیمی ئێران بە هۆی تەقە بریندار کرا

18:20 - 13 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: مەئموورێکی ئیدارەی ئاگاهیی رێژیمی ئێران بە ناوی حوسێنی لە شاری سەقز کەوتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا بریندار کرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، مەئموورێکی ئیدارەی ئاگاهیی رێژیمی ئێران بە هۆکاری ناڕوون تەقەی لێ کرا.

بە وتەی هاووڵاتییانی ئەو شارە، ئەو مەئموورەی رێژیم لە کاتی ئەزیەت‌ و ئازار و باج‌وەرگرتن لە خەڵک، تەقەی لێ کراوە.

هاووڵاتییەکی ئاگادار لەو بارەوە رایگەیاند، باج وەرگرتن و ئازار و ئەزیەتی هاووڵاتییان، کاری هەمیشەیی ئەو مەئموورەی رێژیم بووە.

ئەو مەئموورەی رێژیم ئێستا لە نەخۆشخانەی ئیمام خومەینیی ئەو شارە لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا لە چەندین ئاوایی شارستانی سەردەشت، هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ کەسانی چەکدار تووشی تێکهەڵچوون بوون و ژمارەیەک لە هێزەکانی سەربە سپای پاسدارانی رێژیم بریندار بوون.
ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونانە لە دەوروبەریی ئاوایی‌یەکانی شمۆڵە و شندەڕەی سەربە بەخشی مەرکەزیی سەردەشت رووی داوە کە لانیکەم ٥ کەس لە هێزە نیزامییەکان بریندار کراون.

شوناسی یەکێک لەو بریندرانەی سپای پاسداران ئێحسان ئازەری زمان و یەکێکی دیکەشیان لە دەست‌ و پێوەندییەکانی رێژیم بە ناوی رەزا راگەیەنراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ماوەیەک لەمەو بەر لە ئاکامی تێکهەڵچوونی نێوانی هێزەکانی سپای پاسداران و هێزی ئینتزامیی رێژیم لە شاری شنۆ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی رێبوار مەولوودی گیانی لە دەست دا و هاووڵاتییەکی دیکەش بە ناوی جەسیم قوربانی بریندار بوو.
لەو ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شێوەی فەرمی پێشمەرگەکانی خۆی رەوانەی ناوچە سنوورییەکانی شنۆ کردووە و بەو هۆیەوە رێژیم سنوورەکانی کوردستانی بە تەواوی میلتاریزە کردووە.

هەر لەم ماوەیەدا بە هۆی ئەو دۆخەی کەلە سنوورەکاندا هاتە ئاراوە، نائارامی و تێکهەڵچوون لە هەندێک لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات رووی داوە کە بەو هۆیەوە هەتا ئێستا چەندی هاووڵاتیی کورد کوژراو، بریندار و دەستبەسەر کراون.