کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیجری: پێشگیریی پ‌ک‌ک لە رۆیشتنەوەی پێشمەرگەکانی حدکا، راستیی هەبوونی رێککەوتنی پ‌ک‌ک و ئێران دەردەخات

21:44 - 16 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد و گیرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کورد و هەروەها جووڵەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بەرەو سنوورەکانی رۆژهەڵات، دۆیچەوێلە وتووێژێکی لەگەڵ سکرتێری گشتیی حدکا پێک هێناوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ دۆیچەوێلە پرژاوەتە سەر رووداوەکانی ئەم دوایی‌یانەی کێلەشین و هێرشی پ‌ک‌ک بۆسەر ژمارەیەک لە پـێشمەرگەکانی حیزب.

دۆیچەوێلە بە پشت بەستن بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نووسیویەتی: لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران زیاتر لە ٣٠ کەس گیراون و هاوکات پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سنوورەکانی ئێران جێگیر بوون. لەم پێوەندییەدا وتووێژمان لەگەڵ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حدکا پێک هێناوە.

هیجری لەبارەی دژایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان لە رۆیشتنەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بۆ رۆژهەڵات و هەبوونی رێککەوتننامەیەکی ئەمنیەتی لە نێوان ئێران و پ‌ک‌ک بە دۆیچەوێلەی وتووە: ئێمە کۆمەڵێک هەواڵمان لە پێوەندی لەگەڵ واژۆکرانی ئەو رێککەوتنەوە لە سێ ساڵی رابردوودا پێ گەیشتووە، بەڵام خۆمان ئەو رێککەوتنەمان نەدیوە، بەڵام هەڵسوکەوت و کردەوەکانی پ‌ک‌ک و ئەوەی کە پێش بە رۆیشتنەوەی ئێمە دەگرێت، دەخەری راستیی ئەو رێککەوتننامەیە، دەنا پ‌ک‌ک هیچ ئەرکێکی ئەوتۆی لەبارەی پاراستنی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر شان نییە، هەتا پێش بە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بگرێت.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات هەروەها وتوویەتی: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی پێوەندی‌گرتن لەگەڵ نەتەوەی کورد، بڕیاری رەوانەکردنی پێشمەرگەکانی بۆ نێوخۆی وڵات داوە، ئەم هەوڵەی حیزب، سیاسەتی نوێ و دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری نییە، بەڵام ئێمەش هیچ کات رامانەگەیاندووە کە خەباتی چەکداریمان بۆ هەمێشە وەلا ناوە. خەباتی چەکداری وەکوو یەکێک لە شێوازەکانی خەباتی چەکداری هەمیشە لە بەرنامەی کاریی حیزبدا بووە.

هیجری لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی بیانی و بە تایبەت ئەمریکا لەمەڕ جووڵەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سنووەکانی رۆژهەڵات، رایگەیاندووە: کاردانەوەی لێپرسراوانی ئەمریکا جیاواز بوو، هەندێکیان هاوڕا بوون لە جووڵەی پێشمەرگەی حیزب لە رۆهەڵات، بەڵام هەندێکی دیکەشیان لەو بڕوایەدا بوون کە ئەوە ئێستا لە قازانجی ئێمەدا نییە، لە قازانجی ئەمریکاشدا نییە، چونکە ئەوان چاوەڕیی دانوستانە ناوکییەکانی مانگی ژووئەن دەکەن کە ئەنجامێکی باشێ هەبێت.

هیجری وێڕای ئاماژە بەوە کە لەلایەن لێپرسراوانی ئەمریکایی‌یەوە بانگهێشتی ئەو وڵاتە کراوە، وتیشی: حیزبی دێموکرات هیچ کات گرێدراوی ئەمریکا نەبووە.