کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاخە سنوورییەکان سەنگەری هێزن بەرەو باوەشی گەل

16:43 - 6 پووشپەڕ 2715

ن: کاوە بەهرامی

کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچە، ئیرادە و بڕیاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران میکانیزمێکی سەرەکی بوون بۆ خەباتێکی هەمە لایەنە لە ناوخۆی کوردستانی رۆژهەڵات، دیسانەوەش شاخەکانی کوردستان وەک هەمیشە سەنگەری لە گیران نەهاتووی گەلن و باوەشیان بۆ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردەوە.

گومانی تێدا نیە ساڵانی رابردوو ساڵانێکی دژوار بۆ کادر و پێشمەرگەی حیزبێکی شۆڕشگێڕ وەک حیزبی دێموکرات کە تێکۆشانی خۆی فیدای بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد و بە ئامانج گەیشتنی خواستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

حزووری ئێستای پێشمەرگە لە سنوورەکان لە بەشێک لە راگەیاندنەکان وا بڵاو دەکرێتەوە کە کۆماری ئیسلامی رەنگە دیسانەوە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان بکات، بەڵام ئەوە راستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە لە چەند ساڵی رابردوودا کە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لەو ناوچانە نەبووە بەڵام کۆماری ئیسلامی بە بیانوی جۆراوجۆر سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی بەزاندووە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان دروست کردوە، تەنانەت لە زۆر بواریش دژی پێشمەرگەکانی حیزب لە قۆڵایی خاکی کورستانی باشوور کاری کردووە.

ئەوەی لێرەدا گرینگە ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەردەم ئامادەی بەرگری لە خاکی کوردستان و بەرپەرچ دانەوەی کردەوە ناڕەواکانی کۆماری ئیسلامی بووەو هەیە.

بارودۆخی سیاسی ناوچە و بە تایبەتی ئاڵوگۆڕەکانی ئێستای پارچەکانی کوردستان سەلمێنەری ئەو راستییەن کە بۆ جارێکی دیکە بە خوێندنەوەی واقیع بینانەی بارودۆخە سیاسییەکان و کەڵک وەرگرتن لە ناوچە شاخاویەکان و گوند و شارەکانی کوردستان جارێکی دیکە خەڵک و پێشمەرگە یەکتر لە ئامێز دەگرن و پاڵپشتی خەڵکی کوردستان لە رابردوو تا ئێستا لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا لە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات ئەوە دەردەخات کە پۆتانسییەلێکی گەورە لە حیزبی دێموکراتدا بوونی هەیە و لە هەر دەرفەتێک دەتوانێت بە قۆستنەوەی هەلەکان گڕ و تینێکی زیاتر بە خەباتی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بدات، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات هەموو لایەک دڵنیا دەکات کە بە پاڵپشتی و ئیرادەی گەل بە بڕشتەوە بەرەو پێشەوە هەنگاو هەڵدەگرێ و دۆستانی خۆشحاڵ و نەیاران و دوژمنانی رەنگا و رەنگی خەمبار و سەرشۆڕ دەکا.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە