کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆمەڵە چالاکیەک بەبۆنەی ساڵڤەگەڕی شیمیایی سەردەشت

16:18 - 7 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: رێکخراوە سەربەخۆ و کەمپەینە خۆرسکەکان لە بەرەبەری ٢٨ـەمین ساڵڤەگەڕی شیمیابارانی سەردەشت، لە رێگەی جۆراوجۆرەوە یادیان لە قوربانیانی ئەم کارەساتە کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە مەبەستی بەرزراگرتنی یادی قوربانیانی ٢٨ـەمین ساڵیادی قوربانیانی شیمیابارانی سەردەشت، ژمارەیەک لە رێکخراو و کەمپەینە مەدەنییەکان و خوێندکاریەکان کۆمەڵە چالاکییەکیان بەڕێوە برد.

رێکخستنی کەمپەینی سەردەشت بە کاتی پووشپەڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە مەبەستی جیهانی کردنەوەی ئەم کارەساتە، بڵاو کردنەوەی پەیامی چالاکانی مەدەنیی سەردەشت لەم پەیوەندییەدا کە سەردەشت وەک شاری ئاشتی بناسێندرێت و شۆردنی مەیدانێکی شاری سەردەشت لەلایەن چالاکانی مەدەنییەوە لەو کۆمەڵە چالاکیانەن کە لە بەرەبەری ساڵڤەگەڕی شیمایی سەردەشت بەڕێوەچوون.

هەروەها لەو پێوەندییەدا، ١١٣ کەس لە پارێزەرانی دادگوستەری لە ئێران بۆ ناساندنی شاری سەردەشت وەکوو شاری ئاشتی نامەیەکیان بۆ حەسەن رۆحانی ناردووە.

بەڕێوەچوونی پیشانگای نیگارکێشی، تۆمارکردنی رێکوردی تەک چەرخ لەلایەن دووچەرخەسوارێکی کوردەوە و گەیاندنی پەیامی ئاشتی لە مەریوانەوە بۆ سەردەشت لەلایەن دووچەرخەسوارانی کوردەوە، کۆمەڵێکی دیکەی چالاکین کە لەو پێوەندیەدا بەڕێوەچوون.

بوردومانی شیمیایی شاری سەردەشت کە رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی بەعسی عێراقەوە روویدا لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگ پاش ئەو هێرشە شیمیاییە، ١٤٠ کەس بەهۆی ئەو چەکەوە گیانیان لەدەست دا.

زیاتر لە ٨ هەزار بەرکەوتوو و کەم‌ئەندامی شیمیایی‌بارانی شاری سەردەشت هەن و تەنیا ناوی ١٥٠ کەس لەلایەن ناوەندە پەیوەندییدارەکانی رێژیمەوە وەکوو بەرکەوتووی شیمیایی‌تۆمار کراون.

هەنووکە ٢ هەزار و ٢٠٠ قوربانی شیمیایی لەم شارە دانیشتوون و پێویستییان بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی هەیە.