کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکام تەلاج لە کەشێکی ئەمنیەتیدا بە خاک سپێردرا

14:43 - 9 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: تەرمی ئاکام تەلاج، یەکێک لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی مەهاباد کە پاش ٥٣ رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ دوێنێ گیانی بەخت کرد، لە نێو ئاپۆرای خەڵکی مەهاباد و شارەکانی دەوروبەری بە خاک سپێردرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەمە رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، تەرمی ئاکام تەلاج، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی نەغەدە و خوێندکاری زانکۆی ئازادی مەهاباد کە پێشتر لە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕدا بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامی لە خۆپیشاندەرانی کورد لە بەردەم هوتێل تارای شاری مەهاباد بریندار بوو، بە حزووری بەرچاو و چاوەدێری چڕی هێزە ئەمنیەتیەکانی رێژیمی ئیسلامی و لە کەشێکی ئەمنیەتیدا ئەسپەردەی خاک کرا.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بە سیناریۆی ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیم بڕیار بووە کە تەرمی ئاکام، لە بەشی شەهیدانی رێژیم بە خاک بسپێردرێت، بەڵام ئەم داخوازیەی رێژیمی ئیسلامی پەرچەکرداری توندی بنەماڵەی تەلاجـی لێ کەوتەوە و بە پێداگریی ئەو بنەماڵەیە، تەرمی ئاکام لە گوڵستانی یەکی گۆڕستانی بداغ سوڵتانی مەهاباد بە خاک سپێردرا.

لەم پێوەندییەدا دوێنێ دووشەممە پاش گیان‌بەختکردنی ئاکام تەلاج، سکرتاریەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی بنەماڵە و دۆستان و ئاشنایانی ئاکام کرد و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا شەریک و بەشدار کرد.

لە بەشێک لەو راگەیەندراوەدا هاتبوو: شەهیدبوونی ئاکام تەلاج لە حاڵێکدایە کە هێشتا برینی سەر جەستەی کورد بە شەهیدکرانی یەکێکی‌تر لە رۆڵە گیان‌ لەسەردەستەکانی کوردستان، مەنسوور ئاروەند چالاکی سیاسی کە لە ئەشکەنجەگاکانی رێژیمی ئیسلامی لە سێدارەدرا ساڕێژ نەبووە.

سکرتاریەتی حیزبی دێموکرات لە کۆتاییدا جەختی کردووەتەوە کە شەهید ئاکام، شەهیدی رێگای رزگاریی کورد و خەبات دژی زۆرداری و دیکتاتۆرییەتە و دڵنیاین کە خەڵکی کوردستان بە رێبازی ئەو شەهیدانە وەفادار دەمێننەوە و لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا تێ دەکۆشن.