کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باراک ئۆباما: ئەگەری ئەوە هەیە ئامریکا خۆی لەدانوستانە ناوکییەکان بکشێنێتەوە

22:00 - 10 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: سەرکۆماری وڵاتی ئامریکا رایگەیاندووە ئەگەر بێت و رێژیمی ئێران مەرجەکانی لۆزان قبووڵ نەکات و پێشێلیان بکات ئەوە میزی دانوستانە ناوکییەکان بەجێ‌دەهێڵێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەڕای درێژکردنەوەی یەک حەفتەی دیکە لە دانوستانە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران و وڵاتانی ١+٥، رۆژی رابردوو باراک ئۆباما لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، جەختی کردووتەوە کە رێژیمی ئێران ئەگەر ئەو مەرجانەی لۆزان قبووڵ نەکات، ئامریکا دانووستانە ناوکییەکان بەجێ‌دەهێڵێت و رێککەوتنەکانیش بە شێوەیەک داڕێژراون کە پێش بە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی دەگرێت.

سەرکۆماری ئامریکا رایگەیاندووە، پێویستە رێژیمی ئێران رێگا بدات پشکێنەران سەردانی ناوەندە ئەتۆمییەکانی بکەن، ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی: ئامانج لە دانوستانە ناوکییەکان رێگری لە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمییە و ئەگەر رێژیمی ئێران ئەو مەرجانە قبووڵ نەکات لەگەڵ کێشە و گرفت بەرەوڕوو دەبێتەوە.

سەرکۆماری ئامریکا باسی لەوەش کردووە، رێکەوتنی نێوان ئێران و ئامریکا بەم زووانە جێبەجێ ناکرێت و ئەگەر رێکەوتنی ناوکیی لەگەل ئێران ئەرێنی نەبێت، ئامریکا دانووستانە ناوکییەکان بەجێ‌دەهێڵێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە جان کێری پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ زەریف رۆژی سێشەممە لە ڤییەن، رایگەیاندبوو کە دانیشتنێکی باشمان هەبووە.

جان کێری وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە لێدوانێکدا لە دانیشتنی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا رایگەیاندبوو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بۆ ئێران تا هەتاهەتایە قەدەغەیە و باسی لەوەش کردبوو کە رێکاریی نیزامی دژی رێژیمی ئێران لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتنی دانوستانە ناوکییەکان لە بەر دەست دایە.

لەلایەکی دیکەوە حەسەن رۆحانی سەرکۆماری رێژیمی ئێران وتوویەتی: دەستپێراگەیشتن بە رێکەوتنی ناوکی لە چوارچێوەی دانوستانە ناوکییەکانی لۆزان و ژنێڤ ئیمکانی هەیە، ئەگەر وڵاتانی زلهێز بە دوای داواکاریی زیادەوە نەبن.

بەپێی رێکەوتنی لۆزان، بڕیارە لە ئەگەری گەیشتنی رێژیمی ئیڕان و وڵاتانی ١+٥ بە رێکەوتنی گشتی و کۆتایی گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر رێژیمی ئێران لادەبرێت و ئەگەریش رێژیمی ئێران رێکەوتنەکان پێشێل بکات ئیمکانی گەڕاندنەوەی دووبارەی گەمارۆ ئابوورییەکان بە دژی رێژیمی ئێران هەیە.

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٩ی پووشپەڕ، ئێران و ٦ وڵاتی زلهێز لە ڤییەن لەسەر ئەوە رێککەوتن کە دانوستانە ناوکییەکان هەتا رێکەوتی ١٦ی پووشپەڕ درێژە بکێشێت.