کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی کۆنگرەی ئەمریکا: کاتی بەکارهێنانی رێکاریی نیزامی بە دژی ئێران هاتووە

16:08 - 19 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: نوێنەرێکی کۆنگرەی ئەمریکا بەیاننامەیەکی روو بەدەوڵەتی باراک ئۆباما بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە کە کۆتایی بە دانوستانە ناوکییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک بێنێت.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، جان بینر ئەندامی کۆنگرە و وتەبێژی کۆماریخوازەکانی مەجلیسی ئەمریکا لە بەیاننامەکەدا باسی لەگرتنە بەری رێکاریی نیزامی بە دژی رێژیمی ئێران کردووە.

لەحاڵێکدا کە دانوستانە ناوکییەکەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک لە ڤییەن درێژەی هەیە، جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هەتاهەتایە ئەمریکا ناتوانێ لەدەوری میزی وتووێژ دابنیشێت.

جان بینر پاش ئەوەی کە ئێوارەیی پێنجشەممە کۆنفراسی رۆژنامەوانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڵاو بوویەوە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ئۆباما لە هەمبەر رێژیمی ئیسلامی ئێراندا لاواز بووە و پێویست بوو کە زۆر جیدیتر لەوەی کە هەیە لەسەر ئێران کار بکات.

بینر ئەوەشی خستووەتەڕوو، رێژیمی ئێران هەتا ئێستاش بەرنامەی ناوکییەکەی رانەگرتووە و وڵاتانی پێنج کۆ یەکیش بە بەردەوامی خەریکی دەرفەت خوڵقاندن بۆ ئەو حکوومەتەن.

ئەو نوێنەرەی کۆنگرەیە ئاشکراشی کردووە، ئێران هەڕەشە و مەترسییەکی جیهانییە و گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهان دایە و پێویستە دەوڵەتی ئەمریکا دەست لە وەهم هەڵبگرێت.

بینر لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەسەر کۆتایی هێنان بە دانیشتنەکان و گرتنە بەری رێکاریی نیزامی بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران کردووە.

ئەندامان و نوێنەرانی وڵاتانی دانوستانکار کە بڕیار بوو رۆژی رابردوو بگەنە ئەنجامی کۆتایی، بێ ئەوەی هیچ مەسەلەیەک باس بکەن کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیان گرت و تێدا باسیان لەوە کرد کە رێککەوتن بە پەلە ناکرێت، هەروەها جان کێری تەنیا وتبووی کە ئەمریکا بۆ هەمیشە ناتوانێ لە پشت میزی وتووێژەکان دابنیشێت.