کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمینارێک بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لەکانادا بەڕێوە چوو

17:29 - 24 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ٢٦مین ساڵیادی کارەساتی شەهیدکرانی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، سیمینارێک بەو بۆنەیەوە لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەرۆژئاوای کانادا، ساز کرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو سیمینارە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ بەڕێوە چووە و سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لەگیانی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێکرد.

پاشانئیسماعیل ئیبراهیمی نوێنەری حیزب لەکانادا، پەیامی کۆمیتەی حیزبی بەو بۆنەیەوە پیشکەشی ئامادەبووان کردووە.

9743.jpg

لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا محەممەد سالح قادری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب، لە رێگای سکایپـەوە چەند وتەیەکی لەسەر کەسایەتی د. قاسملوو پێشکەش کردووە.

سۆهراب کەریمی بەشداربوویەکی دیکە بووە کە وتارێکی لەژێر ناوی خەباتی میللی دێموکراتیک لە روانگەی دکتور قاسملوو و دوایین ئاڵوگۆڕەکانی گۆڕەپانی سیاسی ناوچە و کوردستان پێشکەش کرد.
چەندین پەیامی ماتەمینیش بە دەست بەڕیوەبەرانی سیمینارەکە گەیشتبوو کە ناوەکانیان بریتین بوون لە:

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان

ـ یەکێتی نیشتمانی کوردستان

ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

ـ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

ـ بزووتنەوەی دێموکراتیکی ئازەربایجان و چەند کەسایەتی دانیشتووی کانادا