کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فینلاند/ بەڕێوەچوونی سیمینارێکی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ

22:32 - 24 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: لەوڵاتی فینلاند سیمینارێک بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ بۆ رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهات و لەلایەکی دیکەوە جەهانگیری لەگەڵ ئەندامانی حیزب لەو وڵاتەش کۆبووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٤ کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوڵاتی فینــلاند، بە بۆنەی ٢٦مین ساڵـڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، سمینارێکی لەشاری تورکو به بەشداریی \'\'رۆستەم جەهانگیری\'\'، نوێنەرانی حیزب ‌و رێكخراوە سیاسی‌ و مەدەنییەكان پێکهێنا.

سیمینارەکه بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب ‌و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد.

لەسیمینارەکەدا پەیامی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكرات لەفینلاند، لەلایەن حەیدەر كاكەزادەوە پێشکەش کراوە. لەبەشێكی دیكەی سیمینارەكەدا مەجید حەقی، نووسەری كتێبی قاسملوو، مانیفێستی سیمای مرۆڤانەی رێبەری كتێبەكەی ناساند‌ووە و چەند وتەیەکیشی پێشکەش کردووە.

بەشێكی دیكەی سیمینارەكە تەرخان كرابوو بۆ وتەكانی رۆستەم جەهانگیری، ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكرات وێڕای ئاوڕدانەوەیەك لەسەر كەسایەتیی شەهید دوكتور قاسملوو، ئاماژەی بە بەشێک لەروانگە ‌و بۆچوونەكانی دكتور قاسملوو كردووە.

جەهانگیری وتوویەتی: دکتور قاسملوو بۆی دەرکەوتبوو کە (حکوومەتی ئینقلابی) لە ئێراندا ناتوانێ ئینقلابی و شۆڕشگێڕ بێ، ناتوانێ دیمۆکرات و دیمۆکراتیک بێت، ناتوانێ مافی نەتەوەکان لە ئێراندا چارەسەر بکا.

رۆستەم جەهانگیری، وێڕای ئاماژە بە خەبات ‌و تێكۆشانی دكتور قاسملوو، باسی لە كاریگەریی پێوەندییەكانی ئەو رێبەرە مەزنە لە ئاستی جیهانیدا كرد كە هەموو هەوڵی ئەوە بووە سەرنجی دونیای دەرەوە بۆ لای خەباتی مافخوازانەی نەتەوەكەی رابكێشێ‌ ‌و لەو كارەشدا سەركەوتوو بوو.

کۆمەڵێک پەیامی هاوخەمی بە بەڕێوەبەرانی سیمینارەکە گەیشتبوو کە بریتی بوون لە:

ـ پەیامی پارتی دێموكراتی كوردستان

ـ پەیامی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكان

ـ پەیامی یەكیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ـ پەیامی كۆمیتەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لەفینلاند

ـ پەیامی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەفینلاند

رۆستەم جەهانگیری لە درێژەی سەردانەکەی بۆ فینلاند لەگەڵ ئەندامان‌و لایەنگرانی حیزب لەو وڵاتەش کۆ بووەتەوە.
ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی بە مەبەستی باسكردن لە مەسەلە تەشكیلاتی ‌و نێوخۆییەكان ‌و گوێگرتن لە قسە‌و بۆچوونی ئەندامان، لە نزیكەوە لەگەڵ ئەندامان‌و لایەنگرانی حیزب لە فینلاند کۆبوونەوەی پێکهێناوە.

جەهانگیری لەو کۆبوونەوەیەدا باسێكی لەسەر دوایین بار‌ودۆخی كوردستان بەگشتی‌و حیزبی دێموكرات بە تایبەتی‌ پێشكەش بە ئامادە بوان کردووە و دواتریش هەر یەک لە بەشداران را و سەرنجی خۆیان هێناوەتە بەر باس.