کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگایی کردنی تاوانبارانی پژاندنی تێزاب لەبۆکان بەڕێوە چوو

22:07 - 29 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: یەکەمین جەلەسەی دادگایی کردنی تاوانبارانی پەروەندەی پژاندنی تێزاب بە بەشداری قوربانیانی ئەو رووداوە لەدادگای شاری بۆکان بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تاوانبارانی پژاندنی تێزابی شەوی سێشەممە رێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کرا.

دادگایی کردنی تاوانبارانی پژاندنی تیزاب لە شاری بۆکان لە حاڵێکدایە کە کەس‌وکاری نزیکی بنەماڵەی قوربانیانی رووداوەکە، باسیان لەدەست تێدابوونی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو رووداوەدا کردبوو.

لەم پەیوەندییەدا، ئەیوب ئازین‌پوور جێگری سیاسی ـ کۆمەڵایەتی فەرمانداریی بۆکان، لەبارەی دەستبەسەرکردنی تاوانبارانی پژاندنی تێزابەکەوە رایگەیاندووە، تاوانبارەکان سەر بە هیچ رێکخراو یان گرووپێک نەبوون و تەنیا لە حەبی هۆشبەر و سەرخۆشکەرکەرڵکیان وەرگرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەم رووداوە ٧ ژنی بۆکان کەوتوونەتە بەر پژاندنی تیزابەوە و ٤ کەسیان لە باری جەستەییەوە بریندار بوون و لیباسی ٣ کەسی دیکەش بە هۆی پژاندنی تیزابەکە سووتابوو.

یەکێک لە قوربانیانی تیزاب پژاندنەکەی ناوی سوێسنە خوشکی عەلی ئیسماعیل‌نژاد یەکێک لە چالاکانی سیاسی دەرەوەی ئێرانە کە چەندین جار لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بە هۆی چالاکی براکەیەوە کەوتووەتە بەر گوشار و هەڕەشەوە و گومانی ئەوەش دەکرێ ئەو تێزاب پژاندنە لەلایەن هێزەکانی سەر امر بە معروف و نهی از منکرـەوە ئەنجام درابێت.

لەم رووداوە، سوێسنە شان و پشتی تووشی سووتان هاتووە،هەروەها سێ ژنی دیکەش کە یەکێکیان هاوسەری شۆڕس فەیزنژاد، کوڕی هونەرمەند رەشید فەیزنژاد و دوو کچی دیکەش کە منداڵ مەحموود مەعرووفین، بریندار بوون.

دوابەداوی ئەو رووداوە پێنخشەممەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو کە تێیدا ٧ کەس دەستبەسەر کران.