کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە ڕووداوەکانی کوردستانی باشوور

21:04 - 18 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران سەبارەت بە ڕووداوەکانی کوردستانی باشوور بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

دوای خۆپیشاندانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕەزبەر، ٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥، خۆپیشاندانی خەڵکی شاری قەڵادزێ لە کوردستانی عێراق کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە خراپی وەزعی ئابووری و بێ‏هیوایی خەڵک لە ئاکامی کۆبوونەوەکانی لایەنە سیاسییەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم وەڕێ‏خرابوو، لە ڕێڕەوی ئارام و ئاشتیخوازانەی ترازا و توندوتیژیی لێ کەوتەوە و، بەداخەوە لە ئاکامدا کوژران و برینداربوونی خەڵک و پۆلیس و زەرەردان و سووتاندنی بنکە و بارەگای حیزبی و حکوومەتی لێ کەوتەوە و دواتر چەند شارو شوێنی دیکەی کوردستانی عێراقیشی گرتەوە.

ئەم ڕووداوە نەخوازراوانە لە هەل‏ومەرجێکدا ڕوو دەدەن کە کورد وەکوو هێزێکی ئازادیخواز و دژی تیرۆر لە هەموو جیهاندا ناسراوە و لە ناوەندەکانی بڕیاری نێونەتەوەییدا بە ئەرێنی دەکەوێتە بەرباس، بۆیە کوردەکانی باشووری کوردستان دەتوانن بە پێڕەو کردنی سیاسەتی دروست و دێموکراتیک داهاتوویەکی گەش بۆ خۆیان دابین بکەن، لە لایەکی دیکەوە دوژمنانی کورد کە چاویان بە ئارامی، ئاسایش و گەشەکردنی کوردستان هەڵنایە، توانیویانە زەربەی ئەمنییەتی و ئابووری لێ بدەن و بەرەوڕووی شەڕ و گەمارۆی ئابووری و نان‏بڕینیان بکەنەوە، لە ئێستاشدا بە دڵنیاییەوە هەوڵ دەدەن کە لە ناڕەزایەتی دەربڕینی ڕەوای خەڵک و گرفتەکانی ژیانیان کەڵکی نابەجێ وەربگرن و بە ئاژاوەنانەوە لە نێوهێزە سیاسییەکانی کوردستاندا، ئەوەندەی دیکە زەربە لە ئەزمونی کوردستانی عێراق بدەن و لەو دڵنیاییە جیهانییەی کە بەرامبەر بە کورد پەیدا بووە کەم بکەنەوە و کورد لە چاولەدەستیی هێزە ئیقلیمیەکاندا ڕابگرن، بەداخەوە کێبەرکێی نادێموکراتیک و دواکەوتووانە، سیاسەتی تۆڵەکردنەوە و بەهێندنەگرتنی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵک لە لایەن هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشەی کوردستانەوە، فەزایەکی گونجاوی بۆ پلانڕێژی ناحەزانی کوردستان پێک‏هێناوە.

ئێمە بەداخبوونی خۆمان بۆ ئەو ئاڵۆزییە و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە خەڵک و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و حیزبی ڕادەگەیەنین. وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کوژراوەکان و هیواخواستن بۆ چاکبوونەوەی هەرچی زووتری بریندارەکان، داوا لە خەڵک و هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی باشوور دەکەین کە هێمنی و مەنتیقی سیاسەتی نەتەوەیی و خەڵکی بپارێزن، هەوڵ بدەن کە هەموو ناتەبایی و گرفتەکان و جیاوازیی بۆچوون و سیاسەتەکان لە ڕێگای دیالۆگ و شیوازی مەدەنی و ئاشتیخوازانەوە چارەسەر بکەن، چوونکە لە ئاگرتێبەربووندا، ماڵی هەموان دەسووتێ.

ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، زۆر دڵخۆش بووین بە پێکهاتنی هەرێمی کوردستانی باشوور و لە پێناوی سەرکەوتن و پاراستنی ئەو ئەزموونەدا هەزینە و باجی زۆرمان داوە، چاوەڕوانیمان لە خوشک و براکانمان لە کوردستانی عێراق ئەوەیە کە بە پاراستن و گەشەپێدانی ئەو دەسکەوتە، دڵی هەموو کوردێک خۆش بکەن، چوونکە سەرکەوتنی کورد لە کوردستانی عێراق، دڵی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر شاد دەکا و تێکچوونی ئەو وەزعیەت و دەسکەوتە، تۆوی بێ‏هیوایی لە نێو هەموو کورددا دەچێنێ و هەموان لێی داخدار و زەرەرمەند دەبین.

بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ کوردستان و چارەسەری ئاشتیانە لە ڕێگای دیالۆگەوە، پێشتر چی لە دەستمان هاتووە کردوومانە، ئێستاش بۆ قسەی خێر و داواکاری لە لایەنەکان بۆ هەوڵی ئاشتیانە و مەدەنی لە پێناوی پێکهاتن و چارەسەریی کێشەکاندا، بە دڵفراوانیەوە ئامادەین. هیوادارین کە هێزە سیاسییە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستانی باشووریش لە پێناوی باشترکردنی ژیانی خەڵک و چارەسەریی کێشەکان و لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا چاو لە بەرژەوەندی و داخوازییە حیزبییەکان بپۆشن، تاکوو کەشێک بێتە ئاراوە کە هەموان تێیدا سەرکەوتوو بن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٨ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی
١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥ی زایینی