کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پوتین: مەبەستی ئێمە لە دەستێوەردان لە سووریە،پایەدار کردنی ڕێژیمی بەشار ئەسەدە

13:05 - 21 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: سەرۆک کۆماری ڕووسیە ڕایگەیاند کە مەبەستی ئێمە لە چالاکیی نیزامی لە سووریە، پایدار کردن و سەلماندنی ڕێژیمی بەشار ئەسەدە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وێلادیمیر پووتین سەرۆک کۆماری ڕووسیە، لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنی‏دا،ڕادەگەیەنێت: مۆسکۆ دەیهەوێ هەل‏و مەرجی ئاشتی و ڕێککەوتنی سیاسی لە سووریە درووست بکات.

سەرۆک کۆماری ڕووسیە لەم وتووێژەدا دەڵێت، مەبەستی ڕووسیە مانەوەی ڕێژیمی بەشار ئەسەدە و وڵاتەکانی دیکەش بۆ ئەم مەبەستە هان دەدات.

پێشتر وڵاتە یەکگرتووەکان بە ڕێبەریی ئەمریکا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش ڕایانگەیاندبوو کە لەگەڵ ڕووسیە هاوکاری ناکەن.
هەروەها وڵاتانی بریتانیا و تورکیە، پشتیوانیی ڕووسیە لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد بە هەڵە دەزانن.

دوابەدوای دەستێوەردانی ڕووسیە لەسووریە،ڕۆژی دووشەممە ٥ی ئۆکتۆبر،گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریە،بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوای پێکهێنانی بەرەیەکی ناوچەیی دژی ئێران وسووریە دەکەن.

دەوڵەتی ڕووسیە کە پێشتر ئامانجی هێرشە ئاسمانیەکانی خۆی، بەرانبەر بە داعش و لەناو بردنی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ڕاگەیاندبوو، ئێستا هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە و بە ئاشکرا پشتیوانی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەکات.