کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆچی دوایی دایكی دوو شەهیدی رێگای رزگاریی كوردستان

17:52 - 9 گەلاوێژ 2712

كوردستان میـــــدیا: دایكی دوو شەهیدی رێگای رزگاریی كوردستان لە گوندی بلەغووی ناوچەی ئەنزەلی سەر بە شاری ورمێ لە تەمەنی 80 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی 3ی گەلاوێژی 1391ی هەتاوی، دایە نۆبار، دایكی دوو شەهیدی حیزبی دێمۆكرات بە ناوەكانی رۆستەم و شوجاع زرنگی، لە گوندی بلەغووی ناوچەی ئەنزەلی سەر بە شاری ورمێ لە تەمەنی٨٠ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد .
دایە نۆبار لەو دایكانە بوو كە هەموو پێشمەرگەیەكی دێمۆكراتی بە منداڵی خۆی دەزانی و دوو جگەرگۆشەی خۆی فیدای رزگاری و سەربەستیی كورد و كوردستانی كرد .
دایە نۆبار هەتا ئه‌و رۆژەی ماڵاوایی لە ژیان كرد، سەرەڕای خەمی لەدەست دانی هەر دوو كوڕەكەی، سەرپەرستیی منداڵەكانی شەهید رۆستەم شانازیی بە خۆی و كوڕە شەهیدەكانی دەكرد و بەو ئاواتەوە دەژیا كە رۆژێك ئازادیی وڵاتەكەی ببینێت .
شەهید رۆستەم لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاویدا لە گوندی وارگەنم لەلایەن تیرۆریستێكی كۆماری ئیسلامییەوە لەبەرچاوی خێزان و منداڵەكانیه‌وه تيرۆر كرا و شەهید شوجاعیش لە فێرگەی سیاسی نیزامیی حیزب، لە ٧ ی رێبەندانی ساڵی ١٣٦٧ بەهۆی نەخۆشیی جەڵتە كۆچی دوایی كرد .
حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە، كەس و كار و ئاشنایانی دەكات و خۆی لە خەمی لەدەستچوونی ئەو شێرە ژنەدا بە شەریك و بەشدار دەزانێت.

رۆحی شاد بێت