کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری ڕێبەری ڕێژیم لە سپای پاسداران: فیلم، ڕۆژنامە، کتێب و دنیای مەجازی ڕێگای دزەکردنی دوژمنانن

21:10 - 8 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: عەلی سەعیدی، نوێنەری ڕێبەری ڕێژیم لە سپای پاسداران، هەندێک لە ئەندامانی دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی بەوە تاوانبار کردووە کە لە بەرانبەر ئامریکادا تووشی خۆدۆڕان بوونە و گوتی، دزەی ئامریکا لە ڕێگای هونەر، نووسین، وتووێژ، تۆڕە کۆمەڵایەتییە جۆراجۆرەکانەوە ئەنجام دەدرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم، عەلی سەعیدی لە کاتێکدا ئەو قسەی کردووە کە حەسەن ڕووحانی سەرکۆماری ڕێژیم دوای ڕێککەوتنی ناوکی لە ڤییەن یا بەرجام، باسی لەوە کردبوو کە ئێمە لەسەر میزی دانووستان دەتوانین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین.

ئەو نوێنەرەی وەلی فەقیهـ لە سپا هەروەها ڕایگەیاندووە: بەداخەوە ئێمە ئەمڕۆ لە سیاسەتی هەندێک کەس‌دا دەبینین کە خۆیان بەکەم دەگرن و شەیتانیش بە خودا دادەنێن.

پرسی مەترسیی دزەکردنی دوژمن دوای قسەکانی عەلی خامنەیی ماوەیەک دوای ڕێککەوتنی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ١+٥ باسی لێوە کرا، کە ناوبراو باسی لەوە کرد ئامریکا لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە ڕێگای دزەکردن بۆ ئێران بدۆزێتەوە و لە هەمبەر ئەو پرسەش هۆشداریی جیدی بە بەرپرسانی ڕێژیم دا.

دوای ئەو قسانەی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ژمارەیەک لە مۆرەکانی نزیک بە ناوبراو لە هەمبەر دزەکردنی ئامریکا لە ئێراندا هۆشداریان دا و دژایەتی خۆیان لەهەمبەر ئەو پرسە دەربڕی.