ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات ماڵئاوایی لە ژیان کرد
زایینی: ٠٨-١٢-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٤/٠٩/١٧ - ١٢:١٨ تاران
بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی يەكشەممە ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٤، دایە بەهارخشمانی کچی موراد، خەڵکی گوندی "هلۆری"ی مەحالیدەشت و دانیشتووی گوندی دزەی مەرگەوەر، لەتەمەنی ٧٤ ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد.
دایە بەهار پاش ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزب لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، پێوەندیی بەحیزبەوە دەکات و وەکوو هاوکار و ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا چالاکیی و تێکۆشانی دەست پێدەکات.
پاش شەهیدبوونی دوکتورقاسملوو، دایە بەهار خۆی ڕەشپۆش کرد و تا دوا ساتی ژیانی، وێنەی ڕێبەری شەهید د.قاسملوو لە باخەڵیدا بوو.
دایە بەهار تامەزرۆی ڕزگاری و سەربەستیی کوردستان بوو، هەر بۆيه لەوکاتەدا کە بۆچارەسەری نەخۆشییەکەی دەچێتە لای دوکتور، داوای لێ دەکا کە نەهێڵێ بمرێ، دوکتور هۆکارەکەی لێ دەپرسێ و دایە بەهاریش پێی دەڵێ: "پێم خۆشە ئازادیی کوردستان بەچاوی خۆم ببینم".
حیزبی دێموکرات بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەس و کاری دایە بەهار دەکات و خۆی بە بەشداری خەمیان دەزانێت.