کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٧٠ ساڵەی کۆماری کوردستان لە شاری ئالبۆرگی دانمارک بەڕێوە چوو

15:39 - 6 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری ئالبۆرگی دانمارک بەڕیوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە یادی ٧٠ ساڵەی کۆماری کوردستان ئەستێرەی درەوشاوەی ئاسمانی مێژووی نەتەوەی کورد، کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک، جێژنێکی بەشکۆی بۆ ئەو یادە مەزنە ڕێکخستبوو کە سەدان کەس لە کوردستانیانی دانیشتووی دانمارک بەشدارییان تێدا کرد.

سەرەتای یادەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پەیامی کومیتەی حیزبی دێموکرات لە لایەن جەمشید خوسرەوی بەرپرسی کومیتەی حیزبی دێموکرات لە دانمارک پێشکەش کرا.
لە پەیامەکەدا وێڕای پیرۆزبایی لە بەشداران و ئەندامانی حیزب، باس لە گرینگیی کۆماری کوردستان و نەتەوەیی بوونی ئەو کۆمارە کرا. هەر وەها لە پەیامەکەدا ڕۆڵ و پێگەی حیزب لە دامەزران، بەڕێوە بردن و لە هەمان‏کاتدا ٧٠ ساڵ بەردەوامیی ڕێبازی کۆمار و پێشەوا مەزنەکەی لە لایەن ئەو حیزبەوە کرابوو. هەروەها ڕۆڵی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە کۆماردا کرابوو، بەتایبەتی نەخشی ژنڕاڵ بارزانی و هەڤاڵەکانی .

پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن شەیدا ساڵح زادە بەرپرسی کومیتەی ژنان لە دانمارک، پێشکەش کرا.

پەیامی کومیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان لقی ئالبۆرگ (پێکهاتوو لە : حیزبی دێموکرات، پارتی دێموکرات و یەکیەتیی نیشتیمانی) لە لایەن ئەبووبەکر ئیسماعیلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئالبۆرگی پارتی دێموکراتی کوردستانەوە پێشکەش کرا.

بە بۆنەی یادی حەفتا ساڵەی کۆماری کوردستان، کۆمەڵێک پەیامی پیرۆزبایی بە دەستی بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە گەیشتبوو کە ناوەکانیان بریتین لە:

پیرۆزبایی کەرتی ڕێکخستنی ئالبۆرگی یەکیەتیی نیشتیمانی کوردستان
جڤاکی بزووتنەوەی گۆڕان لە دانمارک
ماڵی کورد لە شاری ئالبۆرگ

هەر وەها بابەتێک لە سەر کۆماری کوردستان لە لایەن خوێندکار ئەلبورز ڕوئینتەنەوە پێشکەش کرا و وتارێک لە لایەن سالار جوانڕۆیی لە سەر کۆماری کوردستان پێشکەش کرا.