کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی ئوتریش بەرز ڕاگیرا

15:10 - 13 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی ئۆتریش ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە بۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات ـ ئوتریش لە شاری ڤیەن ئاهەنگێک بە بەشداری زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە کوردەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان و هاووڵاتییانی ئوتریشیەوە بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات جەزا ساڵلحیـیەوە سەبارەت بە دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان، سیاسەتی دەستێوەردان و پاوانخوازانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆی بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئێران لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وتارێکی پێشکەش کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا، نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوەی کوردستانی بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون و پەیامی پیرۆزباییان پێشکەش کرد کە بریتین لە:

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان ـ ئۆتریش
ـ ئەنجومەنی بزوتنەوەی گۆڕان ـ ئۆتریش
ـ حیزبی شیوعی کوردستان
ـ پارتی دێموکراتی کوردستانی ـ سووریە
ـ حیزبی شیوعی عێراق
ـ مەڵبەندی کوردی لە ئۆتریش