کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە پلەی یەکەمی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆریزم دایه

20:18 - 21 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: جێمز کەلپێر سەرۆکی ئیدارەی ئیتلاعاتی نەتەوەیی ئامریکا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی ئەو وڵاتانە دایە کە پشتیوانی لە تیرۆریزم دەکەن.

هەواڵدەریی ئاسۆشەیتدپرێس\'\' ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بڵاوی کردەوە کە کەلپێر، سەرۆکی ئیدارەی ئیتلاعاتی نەتەوەیی ئامریکا لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاندووە، ڕێژیمی ئێران یەکەم وڵاتە لە جیهاندا کە پشتیوانی لە تیرۆریزم دەکات.

ناوبراو هەروەها نیسبەت بە بەرزبوونەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئامریکا هۆشداری دا.

جێمز کەلپێر لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە ئەگەرچی ڕێککەوتنی ناوکی شەفافیەتێکی زیاتری لە ناوەرۆکی بەرنامەی ناوکی ئێراندا ئاشکرا کرد، بەڵام ئێران بەردەوام پشتیوانی لە تیرۆریزم دەکات.

لەو بەیانییەدا هەروەها باس لەوە کراوە کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی تیرۆریزمە و بووەتە هۆی نانەوەی ئاژاوە و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا و لە ڕێگای پشتیوانی لە گرووپەکانی وەک حماس و حیزبوڵڵا و قەیرانی سووریە و یەمەنیش‌دا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.

کەلپێر ڕاشیگەیاندووە کە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بەردەوام ئامریکا بە دوژمنی خۆی دەزانێت و هیچ گۆڕانێک لە هەڵوێستەکانی ناوبراودا بەدی ناکرێت.
هەروەها، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ساڵی ڕابردوو ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی وەکوو گرینگترین پشتیوانی تیرۆریزمی دەوڵەتی ناساند.

هەر لەو پێوەندییەدا، هەواڵدەریی ئاسۆشیتێد پرێس ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە سپای قودس، لقی دەرەوەی سنووری سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی هێزە میلیشیاییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، بە تاوتوێ کردنی گەڵاڵەگەلێکی نوێ و گەڵاڵە سەرنەکەوتووەکانی تیرۆری دوو ساڵی ڕابردوو، ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە لە هەوڵی ڕێکخستنی هێرش‌گەلێکی نوێ لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا بن.