کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی بەحرەین لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی‏دا هەڵوێستی گرت

16:44 - 8 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی وڵاتی بەحرەین لە کۆنفڕانسێکی خەبەریدا لە دژی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستی گرت و ڕایگەیاند؛ ئێمە ئیزن بە ئێران نادەین کە هەڕەشە لە ئەمنیەتی نەتەوەیی جیهانی عەرەب بکات.

خالید ئەحمەد بێن حەمد، ڕۆژی سێ‏شەممە ٢٦ی ئاوریل، پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ سامح شۆکری هاوتای میسریی خۆی، بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند؛ ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئیزن نادەین کۆماری ئیسلامی هەوڵ بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگرتوویی وڵاتەکەمان و جیهانی عەرەب بدات، لەم ڕاستایەشدا پشتگیری تەواوی هاوپەیمانەکانمان بەتایبەت وڵاتی میسر دەکەین.

لە بەرانبەریشدا سامح شوکری ڕایگەیاند: قاهێرە بۆ یەکگرتوویی و سەقامگرتوویی بەحرەین و پێشگرتن لە دەستێوەردانی دەرەکی بەهەموو شێوازێک پاڵپشتی لە مەنامە دەکات.

ماوەیەک پێش ئێستا واتە ١ی بانەمەڕ، ماڵپەڕی الایام بڵاوی کردەوە؛ نوێنەرانی مەجلیسی بەحرەین لە دوا دانیشتنی خۆیاندا داواکاری ڕاگرتنی دەستێوەردانەکانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لە وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت ئەندامانی شوورای هاوکارییەکانی کەنداو بوون و داوایان لە یەکیەتیی عەرەب و شوورای هاوکارییەکان کردبوو کە، هەڵوێستێکی هاوبەش بەرانبەر بە تێرۆریزمی تاران و حیزبوڵڵای لوبنان بگرن.

لەمبارەوە ئیسماعیل کەوسەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکی مەجلیسی ڕێژیم، بە گاڵتەجاڕییەوە باسی لەم هەڵوێستەی بەحرەین کرد و وتوویەتی: ڕاگەیاندنی شەڕ لە لایەن بەحرەینەوە وەبیرهێنەرەوەی چیرۆکی سەروپێی مێروولەیە!

لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی بەردەوام تۆمەتبار کراوە بەوەیکە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەدا دەکات، کە نوێترین نمونەکانی بریتییە لە حوسییەکانی یەمەن، شیعەکانی عەرەبستان، شیعەکانی عێراق و عەلەوییەکانی سووریە.