کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران، چەکی قورس لە کوردستان جێگیر دەکات

17:12 - 9 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: پاش پەیامی نەورۆزیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕاگەیاندنی ڕەوتێکی نوێ لە خەبات، هێزەکانی سپای پاسداران بە جبەخانە و چەکی قورس و نیوە قورسەوە لە ناوچە سنوورییەکانی ورمێ جێگیر بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردستان میدیا، هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی چالاکی و بڕیاراتی نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە جبەخانە و چەکی قورس و نیوە قورسەوە لە ناوچەی تەرگەوەری سەر بە شاری ورمێ جێگیر کراون.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سپای تێرۆریستی پاسداران بە جێگیر کردنی تۆپخانە لە ناوچەی تەرگەوەر، هەوڵی میلیتاریزە کردنی ئەم ناوچەیە و ڕێگاوبانەکانی هاتوچۆی داوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: سپای پاسداران بە دانیشتوانی خۆجێیی ئەو ناوچەیەی ڕاگەیاندووە کە هەتا مەودای ٤٠ کیلۆمیتری لە خاڵی سیفری سنووری چۆڵ بکەن.

پاش ڕاگەیاندنی پەیامی نەورۆزیی حیزبی دێموکرات لە لایەن مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، هێزەکانی سپای پاسداران لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکی نەورۆزی‏دا ڕایگەیاند: پەیامی ئێمە لە جێژنی نەورۆزدا ئەوەیە کە؛ دەنگ و توانامان لە شاخ و شاردا ڕێکبخەین بۆ پێکهێنانی هێزێکی پتەوی چارەنووسساز کە ژیانێکی نوێمان بۆ بنووسێتەوە، ژیانێکی دوور لە ملکەچی و بێ‏مافی.

مستەفا هیجری هەروەها داوای لە لاوانی کوردستان کرد کە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی ژیانی سەربەرزانە و بەجێ‏هێشتنی هەرچی سەرشۆڕیی و دواکەوتووییە، پەیوەست بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بن.