کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی نەخدینەیی لە ئێران گەیشتە سنوری ١٠٠٠هەزار میلیارد تمەن

16:40 - 11 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: بانکی ناوەندی ڕێژیم لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لە بوونی نەخدینەیی ٩٧٥ هەزار میلیارد تمەنی تاکوو مانگی ڕیبەندانی ساڵی ڕابردوو کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاماژەبۆکراو، ڕێژەی نەخدینەیی لە مانگی ڕێبەنداندا ٩٧٥ هەزار میلیارد تمەنی تێپەڕاند کە بەبەراورد لەگەڵ ڕێبەندانی ساڵی ٩٣، ٢٨.٧% و بەبەراورد لەگەڵ ڕەشەممەی ساڵی ٩٣، ٢٤.٧% زیادی کردووە.

ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی دەری دەخات کە لە کۆتایی بەفرانباری ساڵی ٩٤دا نەخدینەیی ٩تریلیۆن و ٥٠٠ هەزار میلیارد ڕیاڵ بووە کە بەبەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی پێشتری خۆی ٢٧.٣% هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە. هەروەها ڕێژەی پارەی نەخدی لە دەست هاووڵاتییان لە کۆتایی مانگی ڕێبەندانی ٩٤دا بەبەراورد لەگەڵ ڕەشەممەی ساڵی ٩٣، ١٥% کەمی کردووە.

هەر لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ڕێژەی دارایی بانکەکانی ئێران ١٠٦٣هەزار میلیارد ڕیاڵ بووە و کۆی قەرزەکان لە بەشی دەوڵەتی و نادەوڵەتی ١٩ هەزار و ٦٩٥هەزار میلیارد ڕیاڵ بووە کە نیشاندەری ١٤% هەڵچوون بەبەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتریەتی. هەروەها قەرزە دەرەکییەکانی ئێرانیش لە کۆتایی ڕێبەنداندا ٦ میلیارد و ١٥ میلیۆن دۆلار بووە.

بەپێی دوالێکۆڵینەوەکان لە ساڵی ٦٨ەوە تاکوو ساڵی ٩٤ ڕێژەی نەخدینەیی لە ئێراندا ٨٠ قات زیادی کردووە کە گرینگترین هۆکارەکانی بریتین لە کەمی بودجە و نەزانکارییەکانی بانکی ناوەندی.